ناڕوونی چارەنووسی زارا محەمەدی و دوو ئەندامی دیکەی نۆژین لە بەندیخانە

ناڕوونی چارەنووسی زارا محەمەدی و دوو ئەندامی دیکەی نۆژین لە بەندیخانە

21:46 - 23 July 2019

 

هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕێنی دوو مانگ لە دەستبەسەر کرانی، زارا محەمەدی، سەرۆکی ڕێکخراوی نۆژین لە شاری سنە و یەک مانگ لە دەستبەسەر کرانی دوو ئەندامی ئەو رێکخراوە چارەنووسیان نادیارە و لە بەندیخانە ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای دوو مانگ لە دەستبەسەر کرانی زارا محەمەدی، چالاکی مەدەنی دانیشتووی شاری سنە، ناوبراو بە بێ ئەوەی تۆمەتەکەی ڕوون بکرێتەوە و بە شێوەی نایاسایی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە (بەشی چاکسازی و پەروەردە) ڕاگیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند، دوای دوومانگ هەتا ئێستا هیچ یەک لە ئەندامانی ڕێکخراوی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین نەیانتوانیوە لە گەڵ سەرۆکی ڕێکخراوەکەیان چاوپێکەوتنیان هەبێت و تەنیا بنەماڵەکەی توانیویانە چەند جار بیبینن.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە زارا لە هەبوونی مافی پارێزەر بێ بەش کراوە و حەفتەیەک چەند جار بە مەبەستی لێپرسینەوە هاتووچۆی ئیتلاعاتی پێ دەکەن.

زارا محەمەدی تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی دێولان، ڕۆژی پێنج شەممە (٢ی جۆزەردان/ ٢٣ی مەی) دوای ئەوەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا. هاوکات دوو ئەندامی دیکەی ڕێکخراوی نۆژین بە ناوەکانی ڕێبوار منبەری و ئیدریس منبەری دەستبەسەر کرابوون کە دوای چوار ڕۆژ ئازاد کران، بەڵام زارا هێشتا دەستبەسەرە.

لەلایەکی دیکەوە، دوای نزیک لە دوومانگ لە دەسبەسەر کرانی سیروان ئیبراهیمی، بەرپرسی لقی نۆژین لە کامیاران و منەت ڕەحمانی مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی ئەو رێکخراوەیە لە کامیاران، ئەو دوو کەسەش بە بێ ئەوەی تۆمەتەکیان ڕوون بکرێتەوە لە بەندیخانە ڕاگیراون.

ئەو دوو چالاکە مەدەنییە ڕۆژی چوارشەممە (٥ی پووشپەری ٢٧١٩ / ٢٦ی ژوئیەی ٢٠١٩)، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیارانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەکانی پارێزگای سنەیە کە لە چەند شاری ئەو پارێزگایە وەکوو سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە لقی هەیە و چالاکی دەکات.