ناڕەزایەتییەکانی کوردستان: دەستبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی و مامۆستایەک لە دێولان

لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە، لانی کەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئەمجەد بەختیاری (مامۆستای قوتابخانە)، سەنعان خالی

١٣ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ١٨:٥٩


هەنگاو: چوارشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٢


لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای سنە، لانی کەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی ئەمجەد بەختیاری (مامۆستای قوتابخانە)، سەنعان خالیدیان و ئومێد موحبی زادە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەربەیانی ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) ئەمجەد بەختیاری ٤٨ ساڵ و مامۆستا لە فەرمانگەی پەروەردە و بارهێنانی دێولان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان کاتژمێر ٢ی بەربەیانی و بەبێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم مامۆستایە و دەستبەسەریان کردووە.


لە لایەکی دیکەوە، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی سەنعان خالیدیانیان کە خەڵکی دێولانە دەستبەسەر کردووە، هەنگاو زانیویەتی کە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی سەنعان خالیدیان و باوک و براکەشیدا گرتووە.


هەر لە هەمان ڕۆژ، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی دێگولان بە ناوی ئومێد موحیبی زادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە.

سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم سێ هاووڵاتییە، هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ڕاگیران وچارەنووسییان لەبەردەستدا نییە.

لەماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی دێگولان لە دژی کوژرای ژینا ئەمینی، بە دەیان هاووڵاتیی خەڵکی ئەم شارە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە هەتاکوو ئێستا ناسنامەی ١٨ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرابووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە