ناڕەزایەتییەکانی کوردستان؛ هەنگاو ناسنامەی ٩ کەس لە گیراوانی شنۆ، سەقز، ئورمیە، کامیاران، سەردەشت، پیرانشار و تیکاب ئاشکرا دەکات

لە درێژەی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد بە هۆی بەشداری ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی لانی کەم ٩ هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی؛ مەسعوود محە

١٤ ڕەزبەر ٢٧٢٢، ٠٩:٥٣


هەنگاو: پێنج شەممە ١٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٢

لە درێژەی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد بە هۆی بەشداری ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی لانی کەم ٩ هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی؛ مەسعوود محەممەدی، سیروان ناسرزادە، ئارمان حەمیدی، ماهان عەبدوڵڵاهی، یوونس ئەحمەدی، ڕێبین عەلیاری، عەلی محەممەد ئەرشەد، سۆران سلێمان پوور و فەردین ئەڵڵامورادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)، دوو هاووڵاتی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی مەسعوود محەممەدی و سیروان ناسرزادە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێنراون و هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی دەستبەسەرکران و چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.


لە لایەکی دیکەوە، ڕێبین عەلیاری ٢٨ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، ڕۆژی پێنج شەممە، ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان، لە خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە دژی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە و هەتا ئێستا ئازاد نەکراوە.


ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەر، ماهان عەبدووڵاهی ٢٤ ساڵ، خەڵکی سەقز و ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر، ئارمان حەمیدی ٣٠ ساڵ، خەڵکی کامیاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکانی خۆیان دەستبەسەرکراون و چارەنووسیان ناڕوونە.


هەروەها، ڕۆژی دووشەممە، ٣ی ڕەزبەر (٢٥ سێپتەمبەر) عەلی محەممەد ئەرشەد خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێنراوە و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی، هیچ هەواڵێک لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە.


لە درێژەی ئەم دەستبەسەرکرانانەدا، یوونس ئەحمەدی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.


هەنگاو زانیویەتی کە لە شاری تیکاب، هێزە ئەمنییەکان هاووڵاتییەکی کوردیان بە ناوی فەردین ئەڵڵامورادی دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە.


هەروەها، مێرمنداڵێکی خەڵکی ڕەبەت بەناوی سۆران سلێمان پوور کە هەفتەی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گیرابوو، ئازاد کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە