نیگەرانیی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەبارەت بە پەرەگرتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستاندا

هەنگاو: بە پێی ئەو راپۆرتانەی بە هەنگاو گەیشتووە، رێژەی مەرگ بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان زیاترە

١٥ ڕەشەمە ٢٧١٩، ١٩:١٢

 

هەنگاو: بە پێی ئەو راپۆرتانەی بە هەنگاو گەیشتووە، رێژەی مەرگ بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران و بەتایبەت لە شارەکانی کوردستان زیاترە لەوەیکە حکوومەتی ئێران رایگەیاندووە و سەبارەت بە کوردستان بە ئەنقەست رێژەکە دەشارێتەوە کە ئەوە خۆی بۆتە هۆی پەرەی زیاتری ئەو ڤایرۆسە.

کۆماری ئیسلامی بە پەسندکردنی پێڕەوی رێکخراوی جیهانیی تەندرووستی و هەروەها پەیوەست بوون بە مافە کولتوری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندکراوی ١٩٦٦،  ئەرکدارە بە دابینکردنی مافی تەندرووستی و ژیانی هاووڵاتییانی. لە گرینگترین بەشی ئەو بەڵێننامەیەدا، مادەی ١٢ی پەیماننامەی مافە کولتوری، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانە کە دەوڵەت ئەرکدار ئەکات بە دابینکردنی ئەو یارمەتییانەی تایبەتە بە بواری تەندرووستیی هاووڵاتییانەوە.

رێکخراوی جیهانیی تەندرووستی هەروەها لە مادەی ٤٣ی پەسندکراوی ساڵی ٢٠٠٥ سەبارەت بەو نەخۆشییانەی کە دەگوازرێنەوە، دەوڵەتەکان ئەرکدار ئەکات بە گەیاندنی زانیاریی تەواو و روون وهەروەها  بەرزترین ئاستی گرتنەبەری رێوشوێنی پێشگرتن لە پەرەگرتنی ڤایرۆسی کرۆنا. شاردنەوەی بە ئەنقەستی رێژەی تووشبوان بەو ڤایرووسە لە لایەن دەوڵەتەوە و رەچاونەکردنی رێوشوێنی پێشگرتن بۆ نموونە قەرەنتینەکردنی شوێنە سەرەکییەکانی نەخۆشیی کۆرۆنا، پێشێلکردنی بەڵێننامەکانی کۆماری ئیسلامییە سەبارەت بە دابینکردنی تەندرووستیی هاووڵاتییان.

بە پێی ئەو راپۆرتانەی بە بەڵگەوە لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە، زیاتر لە٢٠ هاووڵاتی بە هۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە و ئورگانە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامی تا ئیستا ئەمەیان بە فەرمی رانەگەیاندووە. بەو پێیە ئێمە وەک رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو نیگەرانیی خۆمان سەبارەت بە دۆخی تەندرووستیی هاووڵاتییانی کوردستان دەردەبڕین.

هەنگاو لە رۆژانی داهاتوودا ڕاپۆرتێکی ئاماری لەم بارەوە بڵاو ئەکاتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە