نیگەرانیی رێکخراوی هەنگاو لە ئەگەری روودانی کارەساتێکی مرۆڤی لە بەندیخانەی ئورومیە

هەنگاو: رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو زانیاریی متمانەپێکراوی هەیە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە پەرەی گرتووە و ئەم رێکخر

٢٠ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ٠٨:٤٣


هەنگاو: رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو زانیاریی متمانەپێکراوی هەیە کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە پەرەی گرتووە و ئەم رێکخراوەیە لەم بارەوە و ئەگەری روودانی کارەساتێکی گەورەی مرۆڤی لەو بەندیخانەیەدا نیگەرانیی قووڵی خۆی دەردەبڕێ.


بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەیەکی جێگای متمانەوە بە هەنگاو گەیشتووە، لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەک لە بەندکراوانی بەندەکانی ٣ و ٤ی بەندیخانەی ئورمیە کە هەڵگری نیشانەکانی ڤایرۆسی کرۆنا بوون، گوازراونەتەوە بۆ بەشی تەندرووستیی بەندیخانەکە، بەڵام "کازم زادە" دۆکتۆری بەندیخانە خۆی لە چاوپێکەوتن یان هەر چەشنە هەنگاوێکی پێویست بواردووە و ئەو بەندکراوانە گوازراونەتەوە بۆ بەندەکان. ناوی حەوت کەس لەو بەندکراوانە کە بۆ هەنگاو روون بوونەتەوە برێتین لە:
١_ رەحیم شێخکانلوو، ٢_ شێرزاد پایوون، ٣_ فەرهاد رەحیمی، ٤_ ئەرسەلان عیووزی، ٥_ رەمەزان شێخکانلی، ٦_ حەیدەر غیرەتمەند، ٧_ جەواد ئەحمەدی گیجە
دوو کەس لەوانە بە ناوەکانی جەواد ئەحمەدی گیجە و حەیدەر غیرەتمەند رۆژانی دووشەممە و سێشەممە، بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندرووستییانەوە بە خێرایی رەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە کراون.


گەڕانەوەی ئەو بەندکراوانە کە هەموویان نەخۆش بوون بۆ بەندی ٣ و ٤ ترس و دڵەراوکێیەکی زۆری خستۆتە نێو بەندکراوانی بەندیخانەکە. ئەو بەندکراوانە لە رێگای هەنگاوەوە داوا لە سەرجەم رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەکەن کە بە گوشار بۆ سەر حکوومەتی ئێران، پێش بە کارەساتێکی گەورەی مرۆڤی لە بەندیخانەی ئورومیەدا بگرن.


هەنگاو پێشتر هەواڵی گواستنەوەی ٥٠ بەندکراوی تووشبوو بە کرۆنای لە بەندی ١٥ بەندیخانەی ئورومیەدا بۆ دەرەوەی بەندیخانە بڵاو کردبۆوە.


هەروەها بە پێی ئەو بەڵگانەی کە لە بەشی تەندرووستیی بەندیخانەی ئورومیەوە بە هەنگاو گەیشتووە، " عەلیزادە" و " ماهرنیا"، ئەفسەر نیگابان و دەرگاوانی بەندی لاوان تووشی کرۆنا بوون.


شایانی باسە لە رۆژانی رابردوودا و پاش شۆڕشی بەندکراوانی بەندیخانەکانی سەقز و مەهاباد کە هەنگاو راپۆرتی لەو بارەوە بڵاو کردبۆوە، رێوشوێنی توندی ئەمنییەتی لە بەندیخانەی ئورومیە گیراوەتە بەر و بەرپرسانی دادوەری و ئەمنییەتی هەرچەشنە شۆڕشێ بە هۆی بڵاوبوونەوەی کرۆناوە یان نیگەرانیی بەندکراوان لەو بارەوە رەت ئەکەنەوە.


بە پێی یاسا، چاودێری بە سەر دۆخی بەندیخانەکان و دەستبەسەرگەی کاتی لە ئەستۆی دادستانی ناوەندی پارێزگای ئورمیە دایە و بەو پێیە بەرپرسایەتیی پاراستنی گیانی بەندکراوان لە ئەستۆی ناوبراو و بەرپرسانی بەندیخانە دایە.


بە سەرنجدان بەوەیکە بەرپرسانی بەندیخانەی ئورومیە هیچ چەشنە هەوڵێکی خۆپاراستن دژی کرۆنا نادەن و نکۆڵی لە راستییەکان ئەکەن، هەنگاو داوا لە هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەکات سەرنجێکی تایبەت بدەنە بەندیخانەی ئورومیە تاکوو بە گەیاندنی زانیاریی درووست، پێش بە کارەساتێکی گەورەی مرۆڤی بگیردرێت.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەتا ئێستا لانیکەم ٣ بەندکراوی بەندیخانەی ئورمیە بە هۆی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا گیانیان لە دەست داوە کە کەسیکیان ژن بووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە