هادی محەمەدزاده دوای تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی ئازاد کرا

هەنگاو: هادی محەمەدزاده ئەندامی گرووپی شاخەوانیی ”هەڵۆ“ی شاری سەقز دوای تەواوبوونی ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شاره ئازاد کرا.

٦ بەفرانبار ٢٧٢٠، ٢٣:٠١

 

هەنگاو: هادی محەمەدزاده ئەندامی گرووپی شاخەوانیی ”هەڵۆ“ی شاری سەقز دوای تەواوبوونی ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شاره ئازاد کرا. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٩ی دێسامبری ٢٠٢٠)، هادی محەمەدزاده، هاووڵاتیی خەڵکی سەقز دوای تەواوبوونی ماوەی ٦ مانگەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کراوە.

 

هادی محەمەدزادە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی پووشپەڕی ٢٧١٩ (٩ی ژوئیەی ٢٠١٩)، لەگەڵ ئەندامێکی دیکەی گرووپی شاخەوانیی هەڵۆ بە ناوی ”فایق یوسفی“ دەستبەسەر و پاش یەک مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.


 ئەو دوو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (١٦ی نۆڤەمبری ٢٠١٩)، لەلایەن دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری سەقزەوە دادگایی کران و بە پێی ئەو حوکمە کە بە تۆمەتی ”پڕوپاگەندە دژ بە نیزام لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی تراکت“  بەسەر ئەو دوو شاخەوانەدا سپاو،  ”فایق یوسفی“ حوکمی ١٠ مانگ و ”هادی محەمەدزادە“ حوکمی ٨ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە. هەروەها لە تۆمەتی ئەندامەتی حیزبی دێموکرات بێ بەری بوون.

هادی محەمەد زادە لەو ڕووەوە کە ملکەچی حوکمی دادوەر بووە حوکمەکەی دوو مانگ کەم کراوەتەوە و چونکوو پێشترش یەک مانگ بەندکراوە، بەم پێیە دەبوو پێنج مانگ لە بەندیخانە بمێنیتەوە.


ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٠ (٢٧ی ژوئیەی ٢٠٢٠)، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی پێنج مانگ حوکمی بەندکران خۆی بە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سەقز ناساندبوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە