هاووڵاتییەک لە بەندیخانەی برووجێرد لەسێدارە درا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری برووجێرد سەر بە پارێزگای لوڕستان جێبەجێ کرا.

١٩ خەرمانان ٢٧٢٠، ٠٩:٥٥

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری برووجێرد سەر بە پارێزگای لوڕستان جێبەجێ کرا.

 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٠ (٨ی سێپتامبری ٢٠٢٠)، حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی برووجێرد بە ناوی ”شاباز حەدادی“ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە کە شاباز حەدادی بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاوە.

 

شاباز حەدادی ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی خەرمانان لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی ”سەفەر مێهرانی“ بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون. سەفەر مێهرانی جێبەجێ کرانی حوکمەکەی بۆ دوومانگی دیکە دواخراوە و ئەگەر لەو ماوەیەدا بڕی یەک میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەن پارە بۆ بنەماڵەی کوژراوەکە دابین نەکات، ئەوا حوکمەکەی جێبەجێ دەکرێت.

 

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕیکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ تا ئێستا لانیکەم حوکمی سێدارەی پێنج هاووڵاتی خەڵکی بروجێرد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە