هاووڵاتییەک لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و ژمارەی دەستبەسەر کراوان گەیشتە ٨٠ کەس

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ناسراوی مەهاباد دوای بانگ کران بۆ ناوەندی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرا.

١٠ ڕێبەندان ٢٧٢٠، ١٢:٠٠

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی مەدەنی ناسراوی مەهاباد دوای بانگ کران بۆ ناوەندی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢٠ (٢٣ی ژانویەی ٢٠٢١)، ئەرەستوو مەلاڕەحیمی، چالاکی مەدەنی خەڵکی مەهاباد دوای ئەوەی لەلایەن ناوەندی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگ کراوە، دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەرەستوو مەلاڕەحیمی لە ڕێگای تەلەفوونەوە بە مەبەستی وڵامدانەوە بە نیسبەت پۆستێکی ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە سەبارەت بە ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بڵاوی کردبووە، بانگ کراوە و هەر لەوێش دەستبەسەر کراوە.

ئەرەستوو مەلاڕەحیمی یەکێک لە سیما ناسراوەکانی بواری چالاکی مەدەنی لە مەهابادە و کە بەشداری چالاکانەی هەبووە لە کەمپەینەکانی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ بوومەلەرزە لێدراوانی کرماشان و کۆتۆل و هەروەها گەیاندنی هاوکاری بۆ لافاولێدراوانی پارێزگای لوڕستان.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا لانیکەم ٨٠ هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاجیاکانی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەی سەرجەمیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە