هاووڵاتییەکی بریندار لە مەریوان دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەو شارە بە سەختی بریندار کرابوو، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی

١٤ سەرماوەز ٢٧١٩، ١٦:٢٦

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەو شارە بە سەختی بریندار کرابوو، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧١٩ (٢ی دێسامبری ٢٠١٩)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری مەریوان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ”ئارمان شاکری“ و دەستبەسەریان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئارمان شاکری لە خۆپێشاندانەکانی مەریوان گوللە بەر لاقی ڕاستی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، ئارمان لە ترسی ئەوەی کە دەستبەسەر بکرێت، سەردانی ناوەندە دەرمانییەکانی نەکردووە و هەر لەماڵەوە چارەسەریی پزیشکی وەرگرتووە، بەڵام ڕۆژی یەکشەممە دەستبەسەر کراوە.

سەرەڕای تێپەڕ بوونی ٤ ڕۆژ لە دەستبەسەر کرانی ئەو چالاکە مەدەنی و فەرهەنگییە و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، چارەنووسی نادیارە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە هەموو ناوەندە مافیی مرۆڤییەکان داوا دەکات کە هەوڵەکانی خۆیان بۆ ئازادی ئارمان شاکری کە پێویستی بە پەلە بە چارەسەرەیی پزیشکی هەیە بخەنە گڕ.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە