هاووڵاتییەکی تەمەن ٦٥ ساڵ بە تۆمەتی پەنادان بە یەکێک لە بەندکراوە هەڵاتووەکانی سەقز دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران، بە تۆمەتی پەنادان بە یەکێک لە بەندکراوانی هەڵاتووی بەندیخانەی سەقز، پیاوێکی تەمەن ٦٥ ساڵەیان دەستبەسەر کردووە.

٢٨ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ٢٣:٠٦


هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران، بە تۆمەتی پەنادان بە یەکێک لە بەندکراوانی هەڵاتووی بەندیخانەی سەقز، پیاوێکی تەمەن ٦٥ ساڵەیان دەستبەسەر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٠ (١٢ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، سەید عەلا حوسێنی تەمەن ٦٥ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز پاش ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڵکوتراوەتە سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کراوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی حوسێنی، ئەو هاووڵاتییە بە ساڵاچووە زەختی خوێن و شەکرەی هەیە و بێ ئاکام بوونی هەوڵەکانی بنەماڵەکەی بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی ناوبراو، پەرۆشی بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە.

ئەم هاووڵاتییە سەقزیە بە تۆمەتی ئەوەی کە گوایە یەکێک لە بەندکراوانی هەڵاتووەکانی بەندیخانەی سەقز لە ماڵی ئەوەوە لەگەڵ خۆشکی پێوەندیی تەلەفۆنیی گرتووە، دەستبەسەر کراوە.


ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند کە زاوای سەید عەلا حوسێنیش لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کراوە و پاشان ئازاد کراوەتەوە.


ناسنامەی ئەو بەندکراوە کوردە کە حوکمی سێدارە لەسەرە و ڕێکەوتی ٨ی خاکەلێوە لەگەڵ لانیکەم ٧٣ بەندکراوی دیکەدا لە گرتووخانەی سەقز هەڵاتن، لەلای ماڵپەڕی هەنگاو پارێزراوە.


حوکمی سێدارەی یەکێک لەو بەندکراوانەی لە بەندیخانەی سەقز هەڵاتبوون بە ناوی مستەفا سەلیمی، پاش ئەوەی سەر لەنوێ دەستبەسەر کرایەوە، جێبەجی کرا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە