هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت حوکمی دوو ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ ئەردەبیلی بەسەردا سەپا

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەردەشت حوکمی بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەردەبیلی بە سەردا سەپا. ناوبراو دوو ساڵە دەستبەسەر کراوە و ئە

١١ بانەمەڕ ٢٧٢٠، ٠٨:٠٦


هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی سەردەشت حوکمی بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەردەبیلی بە سەردا سەپا. ناوبراو دوو ساڵە دەستبەسەر کراوە و ئەو ماوەیە بۆ لەبەر چاو ناگیردرێت.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٠ (٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢٠)، بەندکراوێکی سیاسی خەڵکی بەخشی ڕەبەت سەر بە شاری سەردەشت بە ناوی “سەید سامان حوسێنی” تەمەن ٢٣ پاش دوو حەوتوو ڕاگیران لە قەرەنتینەی بەندیخانەی ئورمیە، بۆ بەندی تایبەت بە بەندکراوانی سیاسی ئەو بەندیخانەیە گوازراوەتەوە.


سەید سامان حوسێنی ساڵی ٢٧١٨ (٢٠١٨) لە کاتی سەربازی و بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران و ناردنی بەلگەی نهێنی بۆ ئەو حیزبە دەستبەسەر کراوە.


ناوبراو بۆ ماوەی ٣ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای سەردەشت ڕاگیراوە و دواتر بۆ دەستبەسەرگەی ٨١ی ڕەمەزان لە پادگانی ئەلمەهدی ئورمیە گوازراوەتەوە و لەوێ بە سەخت ترین شێوە ئەشکەنجە کراوە.


سەید سامان دواجار ساڵی ڕابردوو لەلایەن لقی یەکەمی دادسەرای سەربازی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر “حوسێنی” حوکمی ٢ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.


ئەو حوکمە دوای ئەوەی داواکاری گشتی ناڕەزایەتی نیشان دا و وتوویە کە کەمە، لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە بۆ دوو ساڵ بەندکران و دوورخرانەوە بۆ بەندیخانەی ئەردەبیل گۆڕدرا.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بەو بەندکراوەیان ڕاگەیاندووە کە ماوەی دوو ساڵ بەندکرانی ناوبراو دوای ئەوەی بۆ بەندیخانەی ئەردەبیل دوورخرایەوە دەست پێ دەکات و ئەو دوو ساڵەی کە لە بەندیخانە بووە لەپێش چاو ناگیردرێت.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە