هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ کە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

٤ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١١:٠١

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شنۆ کە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، سزای بەندکرانی بە سەردا سەپا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا مێهران سولەیمان پوور هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر «ڕەزایی» سزای ١٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

ئەو سزایە بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» بە سەر ناوبراودا سەپاوە و دانیشتنی دادگاش ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ (١٣ی مارسی ٢٠٢٢) بەڕێوەچووە.

مێهران سولەیمان پوور خەڵکی گوندی «ئاڵیان» سەر بە ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ ڕۆژی پێنج شەممە ٣ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (٢٤ی جوونی ٢٠٢١) لەگەڵ کەسێکی دیکە بەناوی هاشم خوڕان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە ئەمنییە لە ئورمیە گوازرانەوە.

ناوبراو دواجار دوای سێ حەوتوو دەستبەسەر کران ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕ بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی پرۆسەی دادگایی کردنەکەی ئازاد کرا.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا وێڕای دەستبەسەر کردنی مێهران سولەیمان پوور ماڵەکەیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر هەندێک کەرەستەی تایبەتی ناوبراودا گرتووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە