هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد کە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە.

١٢ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ٢١:١٩

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد کە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپابوو، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازرایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ )١ی نۆڤەمبری ٢٠١٩)، هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ”ڕزگار یوسف“ تەمەن ٤٠ ساڵ و کوڕی مەولان دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕزگار یوسف بەهاری ساڵی ٢٧١٨ (٢٠١٨) لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی ”ڕەزا ڕەشید“ و حیسام مەحموود شەمی“ لەلایەن ئیتلاعاتی مەهابادەوە دەستبەسەر کراوە و دوای ٨ مانگ  هەر کامەیان بە دانانی بامرتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

دواجار ئەو سێ هاووڵاتییە بەهاری ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپی ئیسلامی ”ئەنسار ئەلسنە“  هەر کامەیان حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانیان بە سەردا سەپا.

دواتر دادگای پێداچوونەوە حوکمی ڕەزا ڕەشیدی و ڕزگار یوسفی بۆ ٤ ساڵ و حوکمی حیسام مەحموود شەمی بۆ ٣ ساڵ بەندکران کەمکردەوە.

ڕەزا و حیسام سێ مانگ پیش خۆیان ڕادەست کردووە و ئێستا لە بەندیخانەی مەهاباد ماوەی حوکمەکەی خۆیان تێپەڕ دەکەن. ڕزگار سێ مانگ پێش خۆی ڕادەست نەکردووە و دواجار ڕۆژی هەینی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە و ئێستا لە بەندی ٣ و ٤ی ئەو بەندیخانەیە ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە