هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمی بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا

هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمی بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرا

20:20 - 21 July 2019

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئورمیە کە ماوەیەک پێش لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گوازراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حەفتەی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری ئورمیە هاووڵاتییەکیان بە ناوی ”بەهمەن حەیدەری“ دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەیان گواستووەتەوە.

بەهمەن حەیدەری بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە دواتر لەلایەن لقی دووهەمی دادگای شؤڕشی ئورمیەوە بە تۆمەتی ”هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ئێران“ حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و ئەو حوکمە دواتر لەلایەن لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوە وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.

بەهمەن حەیدەری ئێستا لە بەندی ١٠ی بەندیخانەی ئورمیە ڕاگیراوە و ماوەی ٥ ساڵ حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.