هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە سزای ٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئورمیە، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای بەندکرانی بۆ بڕایەوە.

١٢ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٦:٢٨

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئورمیە، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای بەندکرانی بۆ بڕایەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٠)، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئیسلام ئابادی ئورمیە بە ناوی "ئیحسان عەبدی زادە" تەمەن ٢٥ ساڵ، لە لایەن لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگاوە، سزای ٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.

ئەم هاووڵاتییە کە پێشتر لە لایەن دادگای گشتی ئورمیەوە بە تۆمەتی بەشداری کردن لە تێکدان و سووتاندنی موڵکی گشتی، ساز کردنی ئاژاوە و بشێوی لە ڕێسای گشتیی کۆمەڵگا، سووکایەتی بە بەرپرسانی حکوومی و لەناوبردنی بەڵگەنامە حکوومییەکان لە ڕێگای سووتاندنییانەوە و هەروەها ئازاردانی خەڵک، سزای ٢٤ ساڵ بەندکران و ٧٤ قەمچی بۆ دەرچووبوو، لە دادگای پێداچوونەوەدا سزاکەی داشکا بۆ ٦ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران. ناوبراو پێشتر بۆ ماوەی ٧٠ ڕۆژ دەستبەسەر کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧١٧ ( ٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧) سەدان کەس لە دانیشتوانی شارەکی ئیسلام ئاوای ئورمیە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بە دەستدریژی فەرمانبەرێکی قوتابخانەی ”راه شهدا“ بۆ سەر کچە خویندکاریکی تەمەن ١٢ ساڵی کورد لە پێش ئەو قوتابخانەیە کۆبوونەوە کە بە هۆی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان ئاڵۆزی دروست بوو و لەئاکامدا دەیان کەس دەستبەسەر و ١١ کەسیش بریندار کران.

دوای دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان، خەڵکی ناڕازی قوتابخانە و بنکەی بەسیجی مزگەوتی قودسیان ئاگر تێبەردا.

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧١٨ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠١٨)، دانیشتنی دادگای ٣٤ کەس لەوانەی کە بە تۆمەتی ناڕەزایەتی نیشاندان بە دەسترێژی فەرمانبەرێکی قوتابخانەی ”راه شهدا“ بۆ سەر کچیکی تەمەن ١٢ ساڵی کورد دەستبەسەر کرابوون، لە لقی ١١٢ی دادگای گشتیی شاری ئورمیە بەڕێوە چوو و لەئاکامدا ئەو کەسانە سەرجەم سزای ٥٠٣ ساڵ بەندکران، لێدانی ١٨٨٠ زەربە قامچی  و پێبژاردنی بڕی ٢٧ میلیۆن تمەن پارەیان بەسەردا سەپێندرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە