هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە لە تورکیا سزای حەوت جار بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە کە لە وڵاتی تورکیا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەری ئەو وڵاتەوە سزا

١٨ خاکەلێوە ٢٧٢١، ٢٣:١٩

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە کە لە وڵاتی تورکیا دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەری ئەو وڵاتەوە سزای حەوت جار بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە.

بە گوێرەی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ئورمیە بە ناوی "ئازاد سادقی فەڕ" تەمەن ٢٢ ساڵ، ماوەی سێ ساڵە لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی تورکیاوە دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری باتمانی باکووری کوردستان دەستبەسەر کراوە.

بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو، ئازاد سادقی فەڕ لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا چۆتە نێو ریزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) و لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا لەو حیزبە دابڕاوە و خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەتییەکانی تورکیا کردووە.

ئەو هاووڵاتیە کوردە لە بڕیاری کۆتایی دادگایەکی تورکیا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە پارتی کرێکارانی کوردستان سزای حەوت جار بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپا و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری باتمانی تورکیەدایە.

شایانی باسە ئازاد سادقی فەڕ لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا هیچ چەشنە پاڵپشتییەکی لە لایەن ئێران یان ناوەندە مرۆڤدۆستەکانی سەر بە خاچی سوورەوە نەبووە و نەیتوانیوە لە ماوەیەدا لە گەڵ بنەماڵەکەی چاوپێکەوتنی هەبێت. ناوبراو تەنیا لە رێگای تەلەفوون و بە شێوەی سنووردار لە گەڵ بنەماڵەکەی پێوەندی هەبووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە