هاووڵاتییەکی کورد لە بەندەرعەباس لەسێدارە درا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتیەکی کوردی خەڵکی خوڕەم ئاوا لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس کە لەباشووری ئێران هەڵکەوتووە، جێبەجێ کرا.

٨ بانەمەڕ ٢٧١٨، ١٩:٥٧

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتیەکی کوردی خەڵکی خوڕەم ئاوا لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەرعەباس کە لەباشووری ئێران هەڵکەوتووە، جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی ”هەنگاو“، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو (٤ی بانەمەڕی ٢٧١٨/ ٢٤ی ئاوریلی ٢٠١٨)، حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی خوڕەم ئاوا؛ ناوەندی پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی ناوەندیی بەندەر عەباس جێبەجێ کراوە.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ ناسننامەی ئەو هاووڵاتیە کوردەی ”محەممەد جەعفەر شێرزاد“ و تەمەن ٤١ ساڵ ڕاگەیاندووە کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

محەممەد جەعفەر شێرزاد ڕێبەندانی ٢٧١٤ واتە زستانی ٤ ساڵ بەر لەئێستا بە دوای ئەوەی لە شوینی کارەکەی لە بەندەرعەباس کەسیکی کوشطبوو دەستبەسەر و لەو کاتەوە تا کاتی لەسێدارە دانی لەبەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیرابوو.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاو نەکراوەتەوە.

حەفتەی ڕابردووش حوکمی سێدارەی ٥ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە جێبەجێ کرابوو.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ”هەنگاو“، لەماوەی ساڵی ٢٠١٧ی زایینیدا حوکمی سێدارەی ١٦ هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە