هاووڵاتییەکی کورد لە ئیلام لەسێدارە درا

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.

٢٣ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ٠٩:٢١

 

هەنگاو: حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست ئەو حوکمەی بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (١٣ی نۆڤەمبری ٢٠١٩)، حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ئەیوانی غەرب لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئیلام جێبەجێ کراوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری ئیلام ناسنامەی ئەو هاووڵاتییەی کە لە سێدارە دراوە “محەمەد ڕەسووڵ چوولەکی” تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی عەلی عەسکەر ڕاگەیاندووە.

محەمەد ڕەسووڵ چوولەکی کە خێزاندار و باوکی کچێکی منداڵیشیە، ٣ ساڵ پێش لە تێکهەڵچوونێکدا بە چەقۆ کوڕە مامێکی خۆی کوشتبوو و هەر ئەوکات دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ هەتا ئێستا حوکمی سێدارەی ٧ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای ئیلام جێبەجێ کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە