هاووڵاتییەکی کوردی یارسان لە پاش دەستبەسەر کرانی بێڕێزیی پێ کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی یارسان، لە شاری ساوەی سەر بە پارێزگای "مەرکەزی"یی ئێران، بە ئەمری دادوەری لێکۆڵێنەوەی دادگای ئەم شارە دەستبەسەر کرا و

٢٧ بەفرانبار ٢٧٢٠، ٢٢:١٣

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی کوردی یارسان، لە شاری ساوەی سەر بە پارێزگای "مەرکەزی"یی ئێران، بە ئەمری دادوەری لێکۆڵێنەوەی دادگای ئەم شارە دەستبەسەر کرا و بە شیوەیەک بێڕێزیی پێ کراوە و کە ویستوویەتی خۆی بکوژێ.

بە گوێرەی ڕاپۆرت گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێ شەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢١ (١٢ی ژانویەی ٢٠٢١)، هاووڵاتییەکی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان بە ناوی "جەواد ئەحمەدی" کە خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری ساوەیە، بە تۆمەتی کڕینەوەی کەلوپەلی دزێتی، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی لقی یەکەمی دادگای گشتی و شۆڕشی شاری ساوە دەستبەسەر کراوە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادوەری لێکۆڵینەوە کە ناوی "عەباس زەینولعابدین"ـە، کاتێک زانیویەتی "جەواد ئەحمەدی" کوردە و پەیڕەوی ئایینی یارسانە، لە لێکۆڵینەوەکەیدا سەرەڕای ئەوەی ناوبراو سەرجەم تۆمەتەکانی ڕەد کردووەتەوە و کڕیار و فرۆشیاری کەلوپەلەکانیشی ناساندبوو، دەستی کردووە بە بێ ڕێزی کردن بە کوردان و پەیڕەوانی ئایینی یارسان و دواتر فەرمانی دەستبەسەر کردنی بۆ دەکردووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕاشیگەیاند دادوەری لێکۆڵینەوە هەر لەو شوێنە و لەبەر دەم کەسانی دیکەدا وتوویەتی ئەمر دەکەم سمێڵەکانیشت بتاشن ئەمە لە کاتێکدایە کە دەیزانی سمێڵ لە لای پەیڕەوانی ئایینی یارسان، پیرۆزە.

یەکێک لە چالاکانی یارسانی لەمبارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند ڕۆژی چوارشەممە لە پاش ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانەی ساوە سمێڵی جەواد ئەحمەدییان تاشی، بە دانانی بارمتەیەکی قورس، بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

ئەم سەرچاوەیە وتیشی جەواد ئەحمەدی لەبەر بەرپرسانی بەندیخانە پاڕاوەتەوە کە سمێڵەکانی نەتاشن لەبەر ئەوەی سمێڵ بۆ پەیڕەوانی ئایینی یارسان شتێکی پیرۆزە و هەبوونی بۆ پیاوان واجبە. بەڵام ئەوان بە قسەیان نەکردووە و ئێستاش ناوبراو لە دۆخێکی زۆر نالەباری دەروونیدایە و ویستوویەتی خۆی بکووژێ بەڵام خزم و کەسەکانی دڵخۆشییان داوەتەوە و تا ئێستا ڕێگەیان لە خۆکوژییەکەی گرتووە.
هەبوونی سمێڵ بۆ پیاوانی یارسانی واجبە و لە باوەڕی ئایینی یارساندا هەبوونی سمێڵی ڕەمزی چوونە ناو جەمخانەیە کە شوێنی ڕاز و نیاز لەگەڵ خاوەنکەرەمە.

لە مانگەکانی جۆزەردان و پووشپەڕی ساڵی ٢٧١٣ (کۆتایی بەهار و سەرەتای هاوینی ٢٠١٣) لە پاش ئەوەی بەرپرسانی بەندیخانەی هەمەدان، سمێڵی یەکێک لە پەیڕەوانی ئایینی یارسانیان سووتاندبوو، چەندین هاووڵاتیی یارسانی لە بەرانبەر بینای فەرمانداریی هەمەدان و بینای پەرلمانی ئێران لە تاران خۆیان سووتان کە سێ کەس لەوان بە ناوەکانی حەسەن ڕەزەوی، نیکمەرد تاهیری و محەمەد قەنبەری بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست دا.

شیاوی ئاماژە پێ کردنە کە حکوومەتی ئێران بە گوێرەی ڕێکەوتننامەی مافی مەدەنی و سیاسی کە بە شێوەی فەرمی پێی پەیوەست بووە، دەبێ ئازادی هێما پیرۆزەکانی ئایینە جیاوازەکان بپارێزێ. بەڵام هەر لە سەرەتای دامەزرانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، هەموو کات شوناسی ئایینی و نەتەوەییی یارسانەکان، حاشای لێ کراوە و پێشێل کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە