هاووڵاتییەکەی جوانڕۆیی سزای ١٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ کە لە کۆتاییی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، لە لایە

٤ بەفرانبار ٢٧٢٠، ٠٦:١٣

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ کە لە کۆتاییی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای بەندکرانی بەسەردا سەپا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی خەڵکی جوانڕۆ بە ناوی "سالار خان ئەحمەدی"، لە لایەن دادگای شۆڕشی پاوەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "بەهمەنی"، سزای ١٢ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێراوی بەسەردا سەپا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم سزایە بە تۆمەتی ئەندام بوونی ناوبراو لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) دەرچووە و پارێزەری ئەو هاووڵاتییە کوردە بەرانبەر بە بڕیاری دادگا ناڕەزایی دەربڕیوە و دۆسیەکە گوازراوەتەوە بۆ دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کرماشان.

سالار خان ئەحمەدی، لە کۆتایی ڕەزبەر(ئۆکتۆبر)ی ئەمساڵدا پاش جیا بوونەوەی لە پارتی کرێکارانی کوردستان، گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی و لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و پاش چەند ڕۆژ بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

سالار خان ئەحمەدی بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان بووە و چەند ساڵیش لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دژی داعش شەڕی کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە