هۆشەنگ ڕەزایی مانی لە خواردن گرت و بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرایەوە

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کە بە تۆمەتی هاوکاری حیزبێکی کوردستانی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە دوای ئەوەی مانی لە خواردن گ

٢٠ خاکەلێوە ٢٧٢٢، ١٥:٠٨

 

هەنگاو: بەندکراوێکی سیاسی کە بە تۆمەتی هاوکاری حیزبێکی کوردستانی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج ڕاگیراوە دوای ئەوەی مانی لە خواردن گرت بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی خاکەلێوەی (٢٧٢٩ی ئەپریلی ٢٠٢٢)، هۆشەنگ ڕەزایی بەندکراوی سیاسی خەڵکی نەهاوەند سەر بە پارێزگای هەمەدان دوای ئەوەی مانگرتن لە خواردنی ڕاگەیاند لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەجەوە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هۆشەنگ ڕەزایی دوای ئەوەی داوای ئازادی مەرجدارەکەی ڕەدکراوەتەوە مانی لە خواردن گرتووە.

ڕێگری لە ئازادی مەرجداری هۆشەنگ ڕەزایی لە کاتێکدایە کە ناوبراو ١٢ ساڵ لە سزای ١٥ ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕادووە و نەخۆشیی شەکرەی هەیە.

هۆشەنگ ڕەزایی تەمەن ٣٦ ساڵ ڕۆژی شەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧١٠ (١٩ی جوونی ٢٠١٠) لە تاران دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ کرا و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە ژێر ئەشکەنجەدا لە ژووری تاکەکەسی ڕاگیرا و پاشان بۆ بەندی ٣٥٠ گوێزرایەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ساڵی ٢٧١١ (٢٠١١) لە دوو دانیشتنی دادگادا لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی، بەبێ ئەوەی ئیزنی هەڵبژاردنی پارێزەری هەبێت بە تۆمەتی موحاریبە لە ڕێگەی "هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵە"، "بەشداری لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٨٨"، هەڵگرتنی چەک و پەرێنەوە لە سنوور" بە ١٠ ساڵ بەندکران و سێدارە سزا درا کە هیچ کات پێی ڕانەگەیندرا.

داوای پێداچوونەوە بە دۆسیەی هۆشەنگ ڕەزایی ساڵی ٢٧١٨ (٢٠١٨) پەسەند کرا و دۆسیەکەی گەڕێنرایەوە بۆ لقی ٢٨ی دادگای شۆڕش و بە پێی ئەو سزایەی کە دەرکرا، بە تۆمەتی» بەغی لە ڕێگای هاوکاری کۆمەڵە «سزای ١٥ ساڵ و بە تۆمەتی ڕاگرتنی چەک سزای ٨ ساڵ و بە تۆمەتی بەزاندنی سنوور حوکمی ٢ ساڵ و سەرجەم سزای ٢٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە