هێرشی هێزەکانی گاردی تایبەت بۆ سەر بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی بەندیخانەی ئورمیە و برینداربوونی پێنج بەندکراو

هەنگاو: هیزەکانی گاردی تایبەتی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە هێرشیان کردە سەر بەندی بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی ئەو بەندیخانەیە و وێڕای لێدان و کوتانی بەندکر

١٥ خەرمانان ٢٧١٩، ٢٠:١٩

 

هەنگاو: هیزەکانی گاردی تایبەتی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە هێرشیان کردە سەر بەندی بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی ئەو بەندیخانەیە و وێڕای لێدان و کوتانی بەندکراوان دەستیان بەسەر کەرەستە تاکەکەسییەکانیاندا گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٧:٢٠ خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٥ی خەرمانانی ٢٧١٩ (٦ی سێپتامبری ٢٠١٩)، زیاتر لە ٢٠ کەس لە ھێزەگانی گاردی تایبەتی بەندیخانەی ئورمیە لە ژێر چاوەدێریی بەرپرسانی بەندیخانە و سەرۆکی گشتیی پاراستنی بەندیخانەکانی پارێزگای ئورمیە هەڵیان کوتاوەتە سەر بەندی بەندکراوانی سیاسی و مەزهەبی و بە باتۆم بەندکراوانیان داوەتە بەر لێدان و کوتان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەو هێزانە بە باتۆم بەندکراوانیان داوەتە بەر لێدان و کوتان و لە ئەنجامدا عومەر فەقی پوور بەندکراوی سیاسی سەری شکاوە و محەمەد عومەرپوور بەندکراوی مەزهەبی سەر و لووتی شکاوە و مەنسوور چووپانی بەندکراوێکی دیکەی مەزهەبی سەری شکاوە. هەروەها دوو بەندکراوی مەزهەبی دیکە بە ناوەکانی محەمەد قەنبەردووست و سەعید فەقی ڕەسووڵ بە سەختی بریندار بوون. ئەو هێزانە تەقەڵەکانی لێوی کامران دەرویشی بەندکراوی مەزهەبیشان کێشاوەتەوە کە ماوەیەک پێش مانی لە خواردن گرتبوو و هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لێوی تووشی خوێن بەربوون بێت.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی گاردی تایبەت بەندکراوەکانیان بردووەتە دەرەوەی بەندەکان و دەستیان کردووە بە پشکنینی شوێنی مانەوەیان و دەستیان بەسەر کەرەستە تایبەتییەکانیان وەکوو کتێب، پەتوو، پەردە و... گرتووە و تەنانەت کتێبی قورعانی بەندکراوانی مەزهەبییان فڕێ داوەتە سەر زەوی.

بەندکراوانی ئەو دووبەندە دوای گەڕانەوە بۆ ناو بەندەکانی خۆیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بەو هەڵسووکەوتەی بەرپرسانی بەندیخانە دەستیان داوەتە مانگرتن و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بەرپرسانی بەندیخانە، ئاو، کارەبا و تەلەفوونی بەندیخانە دابخەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە