هێزێکی حەشدی شەعبی لە نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان جێگیر بووە

هەنگاو: دوای جێگیر بوونی گرووپێکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شاری شنۆ، هەواڵکان باس لە جێگیر بوونی گرووپێکی دیکەی ئەو هێزە عێراقیەی نزیک لە ئ

٢ جۆزەردان ٢٧١٩، ٢٢:٣٤

 

هەنگاو: دوای جێگیر بوونی گرووپێکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شاری شنۆ، هەواڵکان باس لە جێگیر بوونی گرووپێکی دیکەی ئەو هێزە عێراقیەی نزیک لە ئێران لە نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە شێوەیەکی نهێنی لە نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان جێگیر بوون.

فەرماندەیەکی سەربازی لە سەقز وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە، ئەو هێزانە بە شێوەیەکی تەواو نهێنی لە کەمپی ناسراو بە ”کەمپی دیلە عێراقییەکان“ لە نێوان گوندەکانی ”سەرچاوە  و سەرا“ کە لە سەر جاددەی سەقز بۆ بۆکان هەڵکەوتووە، جێگیر بوون.

ئەو سەرچاوەیە ڕێژەی چەکدارەکانی حەشدی زیاتر لە ١٠٠ کەس ڕاگەیاندووە و وتوویە کە هەموو جۆرە چەک و چۆڵێکیان پێیە و هێزێکی پۆشتە و پەرداخن.

بە وتەی ئەو سەرچاوە، ناوەندە ئەمنییەکان هاوکات ئەندامانی لایەنە توندئاژۆ ئیسلامییەکانی شاری سەقزیان چەکدار کردووە هەتا لە ئەگەری هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک لەو کەسانە وەکوو ئامارازی سەرکوت و بە مەبەستی ترساندنی خەڵک کەڵکیان لێ وەربگرن.

هەنگاو پێشتر هەواڵی جێگیر بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شاری شنۆ بڵاو کردبووە. هەروەها هێندیک زانیاریش لە سەر جێگیربوونی ئەو هێزانە لە سنوورەکانی مەریوان و کرماشان بڵاو بووەتەوە کە هەتا ئێستا بۆ هەنگاو پشتڕاست نەبووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە