هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بانە هاووڵاتییەکیان بریندار کرد

هەنگاو: لە ئاکامی ڕاوەدوونان و تەقەی کوێرکوێرانە لە کاسبکاران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، هاووڵاتییەکی مەدەنی بە سەختی بریندار کرا.

٢ ڕێبەندان ٢٧٢١، ١٧:٥٩

 

هەنگاو: لە ئاکامی ڕاوەدوونان و تەقەی کوێرکوێرانە لە کاسبکاران لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە، هاووڵاتییەکی مەدەنی بە سەختی بریندار کرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ )٢١ی ژانویەی ٢٠٢٢)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کەریم ئاوای نزیک شاری بانە لەکاتێکدا شوێن ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کورد کەوتبوون، کوێرکوێرانە تەقەیان کردووە و لە ئاکامدا هاووڵاتییەک بە سەختی بریندار بووە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری بانە ناسنامەی ئەم هاووڵاتییە مەدەنییەی کە لە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی دابەزییەوە و لە تەنیشت جاددە ڕاوەستاوە، وریا حەسەنی ٢٩ ساڵە ڕاگەیەنداووە کە سێ گوللەی بەرکەوتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حەسەنی، وریا حەسەنی شانی گولەیەک و پشتی دوو گوللەی بەرکەوتووە.

ئەو سەرچاوەیە کە بەهۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لە درێژەدا وتی: “وریا حەسەنی لە دوێنێوە لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبی شاری بانە خەوێندراوە و هێشتا وریایی خۆی بە دەست نەهێناوەتەوە و باری تەندروستی ناجێگیرە”.

جێگای ئاماژەیە کە وریا حەسەنی ٢٩ سالە، خێزاندار و باوکی منداڵێکە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە