هێزە ئەمنیەکان داوا لە بنەماڵەی کۆڵبەرە کوژراوەکان دەکەن کە بڵێن هێزە کوردییەکان کوڕەکانیانی کوشتووە

هەنگاو: بەرپرسانی سەربازی ئێران لە شاری پیرانشار دوای ئەوەی سەربازێکی خەڵکی ئیسفەهان لە سەر تەرمی کۆڵبەریکی کورد گریابوو بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستە

٧ پووشپەڕ ٢٧١٨، ٢١:٥٦

 

هەنگاو: بەرپرسانی سەربازی ئێران لە شاری پیرانشار دوای ئەوەی سەربازێکی خەڵکی ئیسفەهان لە سەر تەرمی کۆڵبەریکی کورد گریابوو بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە و داوا لە بنەماڵەی کۆڵبەرە کوژراوەکان دەکەن کە بڵێن حیزبە کوردییەکان کوڕەکانیان کوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، شەوی سێشەممە (٥ی پووشپەڕی ٢٧١٨ / ٢٦ی ژوئەنی ٢٠١٨)، هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە پایگای گەڵاڵەی پیرانشار کە لە کوێستانەکانی قەندیل هەڵکەوتووە، بە دۆشکە تەقەیان لە پۆلێک لە کۆڵبەرانی کورد کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەریک کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکەش بریندار بووە.

پێشتر ”هەنگاو“ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە کۆڵبەرێک بە ناوی ”شوانە مەحموودزادە“ کوژراوە و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی ”ناسر عەبدول“ بریندار بووە.

ناسر لەحالێکدا بریندار ببوو و لاقی تووشی خوێنڕێژی هاتبوو، هەتا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە لەو شوێنەی کە گوللەی بەر کەوتبوو مابوویەوە و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستبەسەر و پاش چەند کاتژمێر بە دزییەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی سەردەشتیان گواستووەتەوە.

ئە وکۆڵبەرە بە یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەکەی وتووە کە سەربازێکی خەڵکی ئسیفەهان کاتژمێر ٦ی بەیانی کاتێک من و هاوڕێ کوژراوەکەمی بینیوە زۆر گریاوە و وتوویە ” ئێمەیان لە ئیسفەهان و یەزد هێناوە وتوویانە دژە شۆڕشەکان (حیزبە کوردستانییەکان) لێرەوە دێن، نەمانزانیوە دەستمان بە خوێنی خەڵکی بێچارە و بێ گوناح سوور دەکەن“.

یەکێک لە کۆڵبەرانی هاوڕێی ناسر و شوانە کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە : ” هەموو هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە پایگای گەڵاڵە بەم دواییانە و لەیەزد و ئیسفەهان هێنراونەتە سەردەشت و پاشتان بۆ ئەو بنکە سنووریەی پیرانشار گوازراونەتەوە.

ناوبراو لە درێژەدا وتی کە ئەو سەربازە ئیسفەهانیەی کە لەگەڵ کۆڵبەرەکان هاودەردی کردووە بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەندامێکی بنەماڵەی یەکێک لە کۆڵبەرە کوژراوەکانی پیرانشار بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە هێزەکانی سوپای پاسداران داوایان لێمان کردووە کە بڵێین کوڕەکەمان لەلایەن حیزبە کوردییەکان کوژراوە و لەبەانبەردا ئێمەش کوڕەکەتان وەکوو ”شەهید“ تۆمار دەکەین.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە