هێزەکانی ئێران لە سنووری مەریوان کۆڵبەرێکی ١٧ ساڵەیان بریندار کرد

هەنگاو: هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی مەریوان تەقەیان لە کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ کردووە و بە سەختی برینداریان کردووە.

٢٠ گەلاوێژ ٢٧٢٠، ٢٠:٠٥


هەنگاو: هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی مەریوان تەقەیان لە کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ کردووە و بە سەختی برینداریان کردووە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٠(١٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٠)، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری ”مەڕانە“ی مەریوان تەقەیان لە کۆڵبەرێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ”ئارمین ئەحمەدی“ کردووە و سینگی بە سەختی بریندار بووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئێران دوای ئەوەی ئەو کۆڵبەرەیان بریندار کردووە و تووشی خوێنبەربوونی زۆر بووە، لەو شوێنە بەجێیان هێشتووە کە دواتر خەڵکی ناوچەکە بینیویانەتەوە و گەیاندوویانە بە ناوەندە دەرمانییەکانی مەریوان.


ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووش، هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود کۆڵبەرێکی تەمەن ١٦ ساڵیان بە ناوی ”موبین حوسێنی“ دابووە بەر لێدان و کوتان.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە