هەشت تۆمەتباری هێرش سەر بینای مەجلیسی ئێران دادگایی کران

هەنگاو: دانیشتنی دادگایی هەشت هاووڵاتی بەتۆمەتی هێرشکردنە سەربینای مەجلیس، لە دادگای شۆڕشی تاران بەڕێوەچوو.

٨ بانەمەڕ ٢٧١٨، ١٥:٠٤

 

هەنگاو: دانیشتنی دادگایی هەشت هاووڵاتی بەتۆمەتی هێرشکردنە سەربینای  مەجلیس، لە دادگای شۆڕشی تاران بەڕێوەچوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەییشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی “هەنگاو”، ئەمڕۆ دووشەممە (٨ی بانەمەڕێ ٢٧١٨ / ٢٨ی ئاوریلی ٢٠١٨)، لە دادگای شۆڕشی حکوومەتی ئێران لە تاران، دانیشتنی دادگایی هەشت هاووڵاتی کە ساڵی ڕابردوو بە تاوانی هێرشی چەکداری بۆ سەر بینای مەجلیس لە تاران دەستبەسەر کرابوون، بەڕێوەچوو.

ماڵپەڕەکانی ئێران بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی ناوەندە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە تۆمەتی کڕینی و ڕاگرتنی چەکی سووک، نیمەقورس و قورسیان خستووەتە  پاڵ ئەم هاووڵاتییانە. 

ئەم هەشت هاووڵاتییە ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کران و هەتا ٣ی پووشپەڕ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتدا بوون.

سەڵەواتی، سەرۆکی دانیشتنەکە ڕایگەیاندووە کە بەم نزیکانە باقی تۆمەتبارەکانی دیکەی ئەم کەیسە کە سەرجەم ٢٦ کەسن و لەو پێوەندییەدا دەستبەسەر کراون، دادگایی دەکرێن.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری “هەنگاو”، ساڵی ڕابردوو و پاش "هێرشی چەکداری بۆسەر بینای مەجلیسی حکوومەتی ئێران لە تاران"، لانیکەم ٢٠٠ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە