هەشت هاووڵاتی بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد کران

هەنگاو: هەشت هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ و ئورمیە کە حەفت کەسیان حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپێندراوە، و هەروەها کەسێکی دیکەش کە دەستبەسەر کرابوو، ئازاد کران.

١٩ سەرماوەز ٢٧١٨، ١٢:٠١

 

هەنگاو: هەشت هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ و ئورمیە کە حەفت کەسیان حوکمی بەندکرانیان بە سەردا سەپێندراوە، و هەروەها کەسێکی دیکەش کە دەستبەسەر کرابوو، ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی ڕێکخراوی هەنگاو، ڕۆژی شەممە (١٧ی سەرماوەز ٢٧١٨، ٨ی دێسامبر ٢٠١٨) شەهاب مەیهەنخاه، هاووڵاتی خەڵکی ئەمیرئاوای شنۆ، کە هاوینی ئەمساڵ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری ئێران، دەستبەسەر کرابوو بە دانانی بارمتەی ٤٠٠ ملوێن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا بەرێوەچوونی دادگا ئازاد کرا.

شەهاب مەیهەن خاه  کۆتایی مانگی گەلاوێژی ئەمسال دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گوازرابوویەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە دوو بەندکراوی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی ڕەسوول شایر و عەبدولواحد سڵامەت بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد کران.

ئەو دوو هاووڵاتیە کوردە، پێشتر لەلایەن لقی ١٠ دادگای پێداچوونەوەی ئورمیە هەرکام بە ٥ ساڵ بەندکران حوکم درابوون و ڕۆژی ڕابردوو دوای دوو ساڵ ئازاد کران.

هەروەها ڕێکەوتی ١٥ی سەرماوەز، دوو بەندکراوی مەزهەبی بە ناوی محەممەد محەممەدی و رەحمان فەتاحی پور، دوای ١٨ مانگ بەندکران ئازاد کران.

لە ڕێکەوتی ١٠ سەرماوەز سێ بەندکراوی دیکەی مەزهەبی بە ناوەکانی نادر ناسری، عبدولوەهاب سەید ئەحمەدی و چیا نیکوەند بە شێوەی مەرجدار لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە