هەنگاو ناسنامەی یەکێکی دیکە لە گیان بەختکردوانی جوانڕۆ ئاشکرا دەکات

هەنگاو: لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی یەکشەممەی شاری جوانڕۆ لانیکەم هاووڵاتییەک گیانی لەدەست داوە و یەکێک لە هێزە ئەمنیەکانیش کوژراوە. ه

٢٧ خەزەڵوەر ٢٧١٩، ٠٠:٢٨

 

هەنگاو: لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی یەکشەممەی شاری جوانڕۆ لانیکەم هاووڵاتییەک گیانی لەدەست داوە و یەکێک لە هێزە ئەمنیەکانیش کوژراوە. هەروەها هاووڵاتییەکیش دەستبەسەر کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی یەکشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩)، هێزەکانی سپای پاسداران لە گۆڕەپانی بەسیجی شاری جوانڕۆ، تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەست داوە. 

سەرچاوەکانی هەنگاو لە شاری جوانڕۆ ناسنامەی ئەو کەسەیان “موبین عەبدوڵڵاهی” تەمەن ٢٦ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی شوانکارە سەر بە شاری ڕوانسەر ڕاگەیاندووە. هەروەها هاووڵاتییەکیش بە ناوی “عومران وەلەدی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەکێک لە هێزە ئەمنیەکانی ئەو شارەش لەلایەن خەڵکی ناڕازیەوە کوژراوە.

هەنگاو پێتر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە گیان لەدەستدانی ١٤ هاووڵاتی و برینداربوونی ٥٢ کەسی دیکە لە خۆپێشاندانەکانی  ڕۆژی ڕابردووی شاری جوانڕۆ کرد.

تا ئێستا ناسنامەی چوار کەس بە ناوەکانی “کاوە محەمەدی” ، ”حەمزە نەقدی” ، “ئیبراهیم مورادی”، “عەزیز”  و “موبین عەبدوڵڵاهی” بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە. ڕاپۆرتەکان باس لە کوژرانی ژنێک لە شاری جوانڕۆ دەکەن.

بەم پێیە لە ماوەی دوو رۆژی ڕابردوو لانیکەم ١٥  خۆپیشاندەر لە شاری جوانڕۆ گیانیان لە دەست داوە.

تەرمی کوژراوەکان هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە