هەواڵی کوژرانی دوو بەندکراوی خەڵکی نەغەدە لە ژێر ئەشکەنجەدا بە فەرمی بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیەندرا

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کۆتایی هاوینی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە دوو کەس لەو پێنج هاووڵاتییەی خەڵکی نەغەدە کە سەرەتای خەرمانان دەستبەسەر کراون لەژێر ئ

٢٤ خەزەڵوەر ٢٧٢١، ١٥:٥٢

 

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کۆتایی هاوینی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە دوو کەس لەو پێنج هاووڵاتییەی خەڵکی نەغەدە کە سەرەتای خەرمانان دەستبەسەر کراون لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە و ئێستا سپای پاسداران دوای دوو مانگ ئەم هەواڵەی بە فەرمی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەرەی ٢٧٢١ )١٥ی نۆڤەمبری ٢٠٢١)ئیتلاعاتی سپای نەغەدە بنەماڵەی هەر یەک لە ئەسعەد ڕامین و داوود ڕەحیمی تەمەن ٣٥ ساڵیان بانگ کردووە و بە دوای پێشاندانی وێنەی تەرمەکانیان فەرمی پێیانی ڕاگەیاندووە کە ئەم دوو هاووڵاتییە کە پێشتر دەستبەسەر کرابوون گیانیان لە دەست داوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە ئەسعەد ڕامین و داوود ڕەحیمی ژنبرای ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای ئورمیە گیانیان لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەم دوو کەسە ئەمڕۆ داوایان کردووە کە تەرمەکانیان ڕادەست بکرێتەوە بەڵام لە وڵامدا پێیان وتراوە: ‘تەرمێک لە ئارادا نیە و تەنیا ئەوە بەسە کە بزانن ئەوان ئیدی زیندوو نین و مافی ئەوەشتان نیە کە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشییان بۆ بگرن.”

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئوتۆمبێلی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکرانیاندا، لە لاین هێزەکانی سپاوە دەسڕێژی لێ کراوە و ئەسعەد، قاچێکی بە گوللـە پێکراوە، داودیش بە چەند گوللـەیەک بریندار بووە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە پاش دەستبەسەر کران و لە کاتێکدا کە بریندار بوون، گوازراونەتەوە بۆ ئیتلاعاتی سپای ئورمیە و لە سەرجەم مافەکانی بەندکراوان و لەوانەش مافی دەرمان بێبەش کراون.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ڕەحیمی پێشتر بە هەنگاوی گوتبوو: هێزە ئەمنییەکان بنەماڵەی ڕەحیمییان ئاگادار کردووەتەوە کە داود لە بەشی ICU  خەوێندراوە و سەرەڕای ئەوەش شوێنی راگرتنی ناوبراویان بۆ بنەماڵەکەی ئاشکرا نەکردبوو.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢١ (١ی سێپتامبەری ٢٠٢١)، هیزەکانی ئیتلاعاتی سپا بە ئوتۆمبێلێکی سەمەندی مەدەنی و دوو ئوتۆمبێلی تویتیای هایلۆکس و ئامبولانسێک لە نزیک گوندی قاڕنێ، ئوتۆمبێلی سایپای ئەسعەد ڕامینیان دایە بەر دەستڕێژ و پاش بریندار کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هەردووکیانیان دەستبەسەر کردبوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە