هەوڵی خۆکوشتنی دەستبەسەرکراوێکی پیرانشاری لە ئیتلاعاتی سوپای ئورومیەدا

هەنگاو: یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی مانگی بانەمەڕ پیرانشار بە هۆی ئەشکەنجەی بەردەوام لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە تا ئیس

١٠ جۆزەردان ٢٧٢٠، ١٢:١٠


هەنگاو: یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی مانگی بانەمەڕ پیرانشار بە هۆی ئەشکەنجەی بەردەوام لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە تا ئیستا دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

بە پێی ئەو راپۆرتەی بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو گەیشتووە، "محەمەد قادری"یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی مانگی بانەمەڕی پیرانشار کە لە دەستبەسەرگەی سوپای ئورومیە راگیراوە، لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا دوو جارهەوڵی خۆکوشتنی داوە.

بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەد قدری جارێک لە رێگای خواردنی شامپۆ و مادەی خاوێنکەرەوە هەوڵی دا خۆی بکوژێت کە سەرکەوتوو نەبوو و جاری دووهەم رەگی خۆی بڕیوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی" خومەینی" لە شاری ئورومیە لە ژێر چاودێریی تایبەتدایە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە هەنگاوی راگەیاند کە هەوڵی خۆکوشتنی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە هۆی گوشار و ئەشکەنجەی بەردەوامی ئیتلاعاتی سوپا بۆ سەر ناوبراو بووە.

بنەماڵەی محەممەد قادری توانیویانە لە رۆژانی رابردوودا لەو نەخۆشخانەیە بۆ چەند ساتێک رۆڵەکەیان ببینن.

محەممەد قادری یەکێ لەو کەسانەیە کە لە ناوەڕاستی بانەمەڕی ئەمساڵ لە گەڵ گرووپێکی لاوانی پیرانشاری لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کراون.

هەنگاو پێشتر هەواڵی دەستبەسەرکرانی لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی لە پیرانشاری بڵاو کردبۆوە و نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر دەستبەسەرکرانی نایاسایی ئەو کەسانە دەربڕیبوو. ئەو کەسانە لە لانیکەمی مافەکانی تۆمەتبارێک وەکوو روونبوونەوەی تۆمەت، زانیاریدان بە بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تا ئێستا شوناسی ١٣ کەس لەو دەستبەسەرکراوانەی بۆ روون بۆتەوە کە برێتین لە:
١_ ڕێبوار سەیدمحەمەدی ٢_خالید سەیدمحەمەدی ٣_ محەمەد قادری ٤_ سەلام خری ئاغڵان ٥_ حیسامەدین پیرانی ٦_ئەمیر قادری ٧_واحید قادری ٨_عەلی قادری ٩_ ئەحمەد مەحموود حەسەن ١٠_ ئەبووبەکر مەحموود حەسەن ١١_ سەمیع شەریفیان ١٢_ ئەسعەد سوورلاچینی ١٣_ عەباس سدیقی
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە