هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی ماڵی نەودینێکی مەسیحی دەکرێت

هەنگاو: ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی نەودینێکی مەسیحی دانیشتووی تاران و هەڕەشەیان لێ دەکەن کە

٨ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ٢٠:٢٦

 

هەنگاو: ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی نەودینێکی مەسیحی دانیشتووی تاران و هەڕەشەیان لێ دەکەن کە ئەگەر کچەکەتان نەگەڕێننەوە بۆ ئێران، ئەوا دەست بە سەر ماڵەکەتاندا دەگیرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران و یەک لەوان ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری تاران گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەی ”ئیبراهیم ئەفشارپوور“ هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی ئەو شارە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەفشارپوور، ناوەندە ئەمنییەکانی تاران لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار ئیبراهیم ئەفشارپووریان کە خەڵکی سنەیە بانگ کردووە و داوایان کردووە کە کچەکەی بە ناوەی ”حەمیدە ئەفشارپوور“ لە وڵاتی سوید بگەڕێنێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی کە، ئیدارەی ئیتلاعاتی هەڕەشەیان لە ناوبراو کردووە کە ئەگەر کچەکەی نەگەڕێنێتەوە بۆ ئێران، ماڵەکەی کە پێشتر تابۆکەی وەکوو بارمتە دانرابوو، دەستی بە سەردا دەگیرێت.

حەمیدە ئەفشارپوو تەمەن ٤٤ ساڵ و نەودینی مەسیحییە کە دوو ساڵ پێش لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی تاران دەستبەسەر و پاش ٦ ڕۆژ بە دانانی بارمتە (تابۆی ماڵی باوکی) بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. ناوبراو لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە تۆمەتی پڕوپاگەندە و پەرەپیدان بە ئایینی مەسیحی خراوەتە پاڵی.

ئەو نەودینە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو بە هۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان وڵاتی خۆی بەجێهێشت و ئێستا لە وڵاتی سوید دەژیت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە