هەڕەشەی کەسانی نەناسراو لە عەدنان ڕەشیدی لە سەر پاشگەزبوونەوە لە سکاڵاکەی

هەنگاو: دوای ئەوەی کە عەدنان ڕەشیدی، چالاکی مافی مرۆڤ و بەندکراوی سیاسی پێشوو کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن کەسانێک

١٠ خاکەلێوە ٢٧٢٠، ١٤:٢٣


هەنگاو: دوای ئەوەی کە عەدنان ڕەشیدی، چالاکی مافی مرۆڤ و بەندکراوی سیاسی پێشوو کۆتایی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن کەسانێکی نەناسراو هێرشی کرایە سەر، دوو کەس لە هێرشبەرەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی دەستبەسەر کراون، بەڵام کەسانێکی نەناسراو هێشتا هەڕەشەی کوشتن لە ئەو چالاکە کوردە دەکەن.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەرچەند باری تەندروستی عەدنان ڕەشیدی بە هۆی ئەو هێرشەوە ناجێگیرە و پۆلیسی سلێمانیش دوو کەس لە تۆمەتبارەکانی هێرش بۆ سەر ناوبراویان دەستبەسەر کردووە، هێشتا کەسانێکی نەناسراو هەڕەشەی لێ دەکەن و ژیانی لە مەترسیدایە.


عەدنان ڕەشیدی، رۆژی چوارشەممە ٢١ی رەشەمەی ٩٨( ١١ مارس ٢٠٢٠) لە شارۆچکەی" پێنجوێن"ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە لایەن کەسانێکی نەناسراوە هێرش کرایە سەری و بە سەختی بریندار کراوە.


پۆلیسی سلێمانی دوای چەند ڕۆژ ڕایگەیاند کە دوو کەس لە تۆمەتبارەکانی دەستەبسەر کردووە، بەڵام کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان باس لەوە دەکات کە هێشتا سێ کەس لە تۆمەتبارەکان دەستبەسەر نەکراون.


هاوکات لە گەڵ هەڕەشەی بەردەوامی کەسانی نەناسراو، ئەو چالاکەی مافی مرۆڤ کە ئەندامی ڕێبەری کۆمەڵەی مافی کوردستانیشە داوا لە دام و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بەتایبەت ڕەخساندنی مافی بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە هاوکاری بکەن.


لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، کۆمیتەی نێودەوڵەتی پشتیوانی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) داوای لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە بەدواداچوونی بەپەلە بۆ ئەو کەیسە و ئەشکەنجە کردنی عەدنان ڕەشیدی بکەن و هەروەها داوایان کردووە کە لێپرسینەوە لە هەموو تۆمەتبارەکان بکەن.

بە وتەی ڕەشیدی، ئەو کەسانەی کە هێرشەکەیان ئەنجام داوە، هاوژین و منداڵەکەشیان ناچار کردووە کە خۆیان ڕووت بکەنەوە و وێنەیان لێیان گرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە، ئامانجی هێرشبەرەکان وەرگرتنی زانیاری لە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد بووە و هارد، لەبتاب و موبایلی عەدنان ڕەشیدی لەلایەن ئەوانەوە دەستی بە سەردا گیراوە.


ئەو ماڵپەڕە لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە چەند کەسی گرێدراوی ناوەندە ئەمنییەکانی سلێمانی دەیانهەوێ کە بە چەواشەکردنی ڕاستییەکان ئەو کەیسە بکەنە کەیسێکی کۆمەڵایەتی.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە