هەڵۆکانی زاگرۆس بەرپرسیارێتی هێرشەکەی شاری بانەیان بە ئەستۆ گرت

هەنگاو: گرووپی چەکداری هەڵۆکانی زاگرۆس کە گرووپێکی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەژمار دێت، بەرپرسیارێتی کوشتنی ٤ .

٢٥ گەلاوێژ ٢٧١٨، ٢٣:٠٩

 

هەنگاو: گرووپی چەکداری هەڵۆکانی زاگرۆس کە گرووپێکی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەژمار دێت، بەرپرسیارێتی کوشتنی ٤ چەکداری ئێرانی لە شاری بانە بە ئەستۆ گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، کاتژمێر ٨ی شەوی پێنج شەممە (٢٥ی گەلاوێژی ٢٧١٨ /١٦ی ئاگۆستی ٢٠١٨)، چەکدارانی نەناسراو  لە بەردەبووکی بانە هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی هەڵگری هەنگی سنووری بانە و لە ئاکامدا لانیکەم ٤ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراون.

گرووپی هەڵۆکانی زاگرۆس، کە گرووپێکی نزیک لە حیزبی دێموکراتە و لە نیو شارەکانی کوردستان چالاکی دەکات، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وێڕای بە ئەستۆ گرتنی ئەو هێرشە ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٤ ئەندامی هەنگی سنووری کوژراون و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ”کەوسەری“ بەرپرسی هەنگی سنووری چۆمان و زەلی یەکێک لەو کەسانەیە کە بریندار بووە.

ئەو گرووپە لە درێژەی ڕاگەیندراوەکەی خۆیاندا باسیان لەوە کردووە کە ئەو هێرشەیان لە تۆڵەی هێرشی چەند ڕۆژ پێشی سپای پاسداران بۆ سەر پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کوێستانەکانی کێلەشین ئەنجام داوە.

لەلایەکی دیکەوە، هەواڵنێری هەنگاو لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە ناوچەکە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە تەواوەتی میلیتاریزە کراوە و چارەنووسی یەکێکی دیکە لە هێزەکانی هەنگی سنووری نادیارە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە