وردەکاریی زیاتر لەسەر کوژرانی ژنێکی سنەیی بە دەستی براکانی

هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕینی دوو ڕۆژ بەسەر کوژرانی بێ بەزەییانەی ژنێکی لاو بە دەستی براکانی لە شاری سنە، تا ئێستا دەزگای دادوەریی ئێران هیچ جۆرە کاردا

١١ سەرماوەز ٢٧٢٠، ١٤:١٦

 

هەنگاو: سەرەڕای تێپەڕینی دوو ڕۆژ بەسەر کوژرانی بێ بەزەییانەی ژنێکی لاو بە دەستی براکانی لە شاری سنە، تا ئێستا دەزگای دادوەریی ئێران هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی فەرمیی لەم بارەیەوە نەبووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی ڕابردوو بڵاوی کردووەتەوە، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٠ (٢٩ی نۆڤعمبەری ٢٠٢٠)، ژنێکی لاو بە ناوی "سەرگوڵ حەبیبی" تەمەن ٣١ ساڵ، لە چەند کیلۆمەتریی شاری سنە، بە پاساوی نامووسەوە بە شێوەیەکی بێبەزەیییانە سەری بڕدرا جەستەی درایە بەر چەقۆ. ئەم ژنە دانیشتووی شاری سنە و دایکی دوو مناڵ بووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرگوڵ حەبیبی، کاتژمێر ٢٣ی ئەو شەوە لە ناو ماڵی خۆیدا لەگەڵ پیاوێکی خێزانداری دیکە بە ناوی "خ" کە ئەویش باوکی دوو مناڵ بووە، لە لایەن هێزەکانی کەلانتەریی ١٥ی سنەوە دەستبەسەر کراون و گوازراونەتەوە بۆ کەلانتەری (بنکەی پۆلیس). هەر ئەم شەوە، هاوجینی سەرگوڵ حەبیبی، پەیوەندی بە بنەماڵەی سەرگوڵەوە دەکا و داوایان لێ دەکات بێن بۆ کەلانتەری و کچەکەیان لەگەڵ خۆیان ببەنەوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، بە بڕیاری دادوەری کێشک، بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی ئەگەر ئەو ئافرەتە بدرێتەوە دەست بنەماڵەکەی گیانی دەکەوێتە مەترسییەوە و سەرەڕای ئەوەی بە ئاشکرا دیار بوو دەکەوێتەر بەر توندوتیژی، کاتژمێر سێی بەرەبەیان، سەرگوڵ دەدرێتەوە دەست براکانی و ئەوانیش کاتژمێرێک پاشتر دەیبەن بۆ شوێنێک لە چەند کیلۆمەتریی شاری سنە و بە شێوەیەکی بێ بەزەییانە دەیکووژن.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاند، هەر ئەو شەوە، براکانی سەرگوڵ بە ناوەکان "حەسەن" و "ئیسماعیل" خۆیان ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە و بڕیاری دەستبەسەر بوونی کاتییان بۆ دەرچووە. هەروەها هاوسەری سەرگوڵ و ئەو کەسەش کە سەرگوڵ پەیوەندی هەبووە لەگەڵی دەستبەسەر کراون.

تەرمی سەرگوڵ حەبیبی ڕۆژی دووشەممە لە گۆڕستان محەمەدیی شاری سنە و لە بێدەنگیی تەواوی ڕاگەیاندنەکان و بە بێ بە ڕێوەچوونی هیچ ڕێوڕەسمێکی پرسە و سەرەخۆشی بە خاک سپێردرا.
بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٧١٩وە تا ئێستا، لانی کەم ٤ ژن بە بیانووی نامووسەوە، بە دەستی بنەماڵە و کەسانی نزیکی خۆیان کوژراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە