ئورمیە .. دەستدرێژی بە کۆمەڵی ئەندامانی سوپای پاسداران بۆ سەر سێ ژن + ناوەکان

هەنگاو: چەندین ئەندامی سوپای پاسداران لە ئورمیە لە پێش چاو بنەماڵەیەک دەستدرێژیی سێکسییان کردووە سەر سێ ژنی ئەو بنەماڵەیە.

٢٧ جۆزەردان ٢٧١٨، ١٤:٣٢

 

هەنگاو: چەندین ئەندامی سوپای پاسداران لە ئورمیە لە پێش چاو بنەماڵەیەک دەستدرێژیی سێکسییان کردووە سەر سێ ژنی ئەو بنەماڵەیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“،  نزیک دوو حەفتە بەر لە ئێستا، پێنج کەس لە ئەندامانی  چەکداری سوپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر بنەماڵەیەک و دوای ئەوەی پیاوەکانیان بەستووە بە دارێکەوە، لەپێش چاویان دەستدرێژییان کردووە بە سەر سێ ژنی ئەو بنەماڵەیە کە دایک، خۆشك و تازە بووکێکی بنەماڵەکە بوون.

هەواڵنێری ”هەنگاو“ لە شاری ئورمیە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند کە ئەو تاوانە لە نزیک گوندی مەحموودئاوای ئورمیە ڕووی داوە. ئەو بنەماڵەیە کە ئازەری بوون بە مەبەستی گەشت و سەیران و زیارەتی گڵکۆی سەید عەباس چوبوونە ئەو ناوچەیە و شەو لەوێ چادریان هەڵدابوو.

هێرشبەرانیش ئازەری و دانیشتووی گوندی ”حەسار“ی ئورمیە بوون کە لەکاتی هێرش کردن خۆیان بە ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان ناساندووە و ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە.

دوای بەدواداچوونی ”هەنگاو“ بۆ ئەم کەیسە ناسنامەی ٤ کەس لەو دەستدرێژی کەرانە بۆ ”هەنگاو“ ئاشکرا بووە کە ئەندامی فەرمی و چەکداری سوپای پاسدارانن و دەرکەوتووە کە ئەو چەکانەش بەکاریان هێناوە چەکی سوپای پاسداران بووە.

دوای ئەو تاوانە ٤ کەس لە دانیشتوانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە دەستبەسەر کراون کە ناسنامەکانیان ”محەمەد ئاقازادە“ کوڕی عەلی، فەرزین بوزورگی، جابر و سابر ڕاگەیەندراوە.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی حەسار کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە ”ئەم تاوانە بە ئەنقەست و بە ئاگاداری سوپای پاسداران و بە مەبستی ناوزڕاندنی هێزە کوردییەکان لەلایەک و خۆش کردنی شەڕی نێوان کورد و ئازەری لەلایەکی دیکەوە لەلایەن ئەندامانی سوپاوە ئەنجام داوە.“

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە