ئورمیە/ سزای سێدارەی ژنێک کە لە بەندیخانە ببووە دایک هەڵوەشایەوە

هەنگاو: سزای سێدارەی ژنێکی خەڵکی ئورمیە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە، لە لایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە.

١٩ پووشپەڕ ٢٧٢١، ٢٠:٣٩

 

هەنگاو: سزای سێدارەی ژنێکی خەڵکی ئورمیە کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگیراوە، لە لایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشایەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سزای سێدارەی زارا فەرهادی کە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە، لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە هەڵوەشاوەتەوە و لەلایەن بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بە فەرمی هەڵوەشانەوەی سزاکەی پێڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیەوە، زارا فەرهادی مانگی خەرمانانی ٢٧١٩ (سێپتامبری ٢٠١٩) بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە سزای سێدارەی زارا فەرهادی پیشتر لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کرابوویەوە بەڵام دیسان تانەی لەو بڕیارە داوە و دواجار هەڵوەشاوەتەوە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرلەنوێ دادگایی بکرێتەوە.

جێگای ئاماژەیە کە زارا فەرهادی لە کاتی دەستبەسەر کردن دوو گیان بووە و منداڵەکەی هەر لە ناو بەندیخانەی لەدایک بووە و ئەوە دوو ساڵە لەگەڵ ناوبراو لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئورمیەیە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە ١٢ ژن کە سزای سێدارەیان بە سەردا سەپاوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە