وەرگرتنی پارە و شیرینی بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی گیانبەختکردووێکی کورد لە تاران

هەنگاو: دام و دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی هاووڵاتییەکی کورد، کە لە خۆپێشاندانەکانی تاران گیانی لە دە

١٠ سەرماوەز ٢٧١٩، ١٦:٣٣

 

هەنگاو: دام و دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران بۆ ڕادەستکردنەوەی تەرمی هاووڵاتییەکی کورد، کە لە خۆپێشاندانەکانی تاران گیانی لە دەست داوە، داوای پارە و شیرینییان لە بنەماڵەکەی کردووە. بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کورد لە خۆپێشاندانەکانی تاران و کەرەج گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە خۆپێشاندانەکانی تاران، هاووڵاتیەکی کوردی خەڵکی ئیسلام ئاوا (شائاباد) سەر بە پارێزگای کرمانشان بە ناوی “محەمەد ڕەزا محەمەدی” کوڕی محەمەد عەلی بەتەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەمەد ڕەزا محەمەدی بە مەبەستی کرێکاری چووە بۆ تاران و لە کاتی خۆپێشاندانەکان گوللە بەر سەری کەوتووە و دەستبەجی گیانی لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە، ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەت بۆ ڕادەست کردنەوەی تەرمی محەمەدڕەزا داوای بڕی ٦٠ میلیۆن تمەن و یەک پاکەت شیرینییان کردووە و دوای ئەوەی بنەماڵەکی ئەو داواکاریانەیان جێبەجێ کردووە، ڕۆژی یەکشەممەی حەفتەی ڕابردوو تەرمەکەیان وەرگرتووەتەوە.

تەرمی محەمەد ڕەزا ڕۆژی دووشەممەی حەفتەی ڕابردوو ٤ی سەرماوەز (٢٥ی نۆڤەمبر) لە کەشیکی ئەمنی و لە شارەکەی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەتا ئێستا لانیکەم ٧ هاووڵاتیی کورد لە خۆپێشاندانەکانی شارەکانی ناوەندی ئێران گیانیان لە دەست داوە کە ناوەکانیان بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

تاران و کەرەج

١_ سەجاد باقری خەڵکی کرماشان لە تاران گیانی لە دەست داوە

٢_ پوریا ناسری خاه خەڵکی کرماشان لە تاران گیانی لە دەست داوە

٣_ ناسر ڕەزایی خەڵکی قوروە لە کەرەج گیانی لە دەست داوە

٤_ محەمەد حەیدەریان خەڵکی سونقوڕ لە کەرەج گیانی لە دەست داوە

٥_ مینا شەیخی خەڵکی سەقز لە تاران گیانی لە دەست داوە

٦_ موحسن جەعفەر پەناه خەڵکی بیجار لە ئیسلام شار گیانی لە دەست داوە

٧_ محەمەد ڕەزا محەمەدی خەڵکی ئیسلام ئاوا لە تاران  گیانی لە دەست داوە


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە