پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی بەرپرسیارێتی تێکهەڵچوونەکەی سەردەشتی بە ئەستۆ گرت

هەنگاو: گرووپی چەکداری پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە گرووپێکی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانە، بەرپرسیارێتی .

٢٥ گەلاوێژ ٢٧١٨، ٠١:١٤

 

هەنگاو: گرووپی چەکداری پارێزەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە گرووپێکی نزیک لە حیزبی دێموکراتی کوردستانە، بەرپرسیارێتی تێکهەڵچوونەکەی نزیک شاری سەردەشتی گرتە ئەستۆ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“ شەوی سێشەممە (٢٣ی گەلاوێژی ٢٧١٨ / ١٤ی ئاگوستی ٢٠١٨)، لە نزیک گوندی دێواڵانی سەردەشت دوو تێکهەڵچوونی چەکداری هاتووەتە ئاراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزێکی کوردی هێرشی کردووەتە سەر پاسگای گوندی دێواڵان و لە پشتی ئەو گوندەش تێکهەڵچوونێکی دیکە هاتووەتە ئاراوە.

هەواڵنێری هەنگاو لەوبارەوە ڕایگەیاند کە ٤ ئامبوڵانس ڕەوانەی شوێنی شەڕەکە کراوە و لانیکەم ٣ پاسدار بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەوە، پارێزەرەی ڕۆژهەلات ٢٤ کاتژمێر دوای ئەو تێکهەڵچوونە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وێڕای بە ئەستۆ گرتنی ئەو تێکهەڵچوونە ڕایانگەیاندووە کە سێ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئێران کە دوو کەسیان کادر بوون بریندار و بە مەبەستی چارەسەری بۆ ئورمیە گوازراونەتەوە.

لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە هێزەکانی سپای پاسداران دوای دوای شەڕەکە شوێنی تێکهەڵچوونەکەیان تۆپباران کردووە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە بەرەبەیانی ڕؤژی چوارشەممە  هێزە چەکدارەکانی ئێران بەتەواوەتی ئەو ناوچەیەیان گەمارۆ داوە و لە گوندەکانی دێواڵان، زێوە، گەڵوو و شەمەشێخە قەدەغەکردنی هاتووچۆیان ڕاگەیاندووە و دەستیان کردووە بە پشکنینی ماڵەکان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە