پاوە/ دوو کەس بە تۆمەتی شەرمەزارکردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا حوکمی بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپا

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی پاوە کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەو شارە مەبەستی شەرەمەزارکردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا

١٤ بەفرانبار ٢٧١٩، ٢٣:٣٣

 

هەنگاو: دوو هاووڵاتیی خەڵکی پاوە کە لە خۆپیشاندانەکانی ئەو شارە مەبەستی شەرەمەزارکردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە حوکمی بەندکران و لێدانی قامچییان بە سەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دادگای تاوانەکانی ٢ی شاری پاوە سەر بە پارێزگای کرماشان دوو هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارە بە ناوەکانی ”هونەر (کەبیر) حوسێنی“ و ”دڵشاد فەرەجی“ هەر کام بە یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپسێردراو بۆ ماوەی ٣ ساڵ و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ئەو حوکمە بە تۆمەتی ”تێکدانی تەکووزی و ئاسایشی گشتی“ بە سەر ئەو دوو کەسەدا سەپێندراوە. ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی کە ئەو دوو کەسە دەبێ بۆ ماوەی دوو ساڵ هەر شەش مانگ جارێک خۆیان بە ئیتلاعاتی پاوە بناسێنن.

هونەر و دڵشاد کۆتایی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە کاتی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی شاری پاوە بە مەبەستی شەرەمزار کردنی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ٩ کەسی دیکە دەستبەسەر کرابوون.

لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە ١٦ شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵک ئەو هێرشەیان شەرەمەزار کرد کە لە ئەنجامی ئەو خۆپێشاندانانەدا لانیکەم ٩٠ هاووڵاتی دەستبەسەر و  سەدان کەسیش بە مەبەستی لێپرسینەوە بانگی ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە