پزیشکێکی خێزان لە دیواندەرە دەستدرێژی کردووەتە سەر دەیان کچ و ژنی خەڵکی ئەو شارە

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پزیشکێکی خەڵکی باکووری ئێران دەستدرێژی کردووەتە سەر دەیان ژن و کچی خەڵکی چەند گوندێکی دەورووبەری دیواندەرە و د

١٤ خەرمانان ٢٧١٨، ١٠:٢٠

 

هەنگاو: لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پزیشکێکی خەڵکی باکووری ئێران دەستدرێژی کردووەتە سەر دەیان ژن و کچی خەڵکی چەند گوندێکی دەورووبەری دیواندەرە و دوای ئەوەی کە خەڵک پێیان زانیوە، ناوەندە ئەمنییەکان ئەو پزیشکەیان گواستووەتەوە بۆ شوێنی لە دایکبوونی خۆی لە باکووری ئێران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا پزیشکێکی خێزان لە گوندی ئیبراهیم ئاوای دیواندەرە کە تۆڕی تەندروستیی ئەو شارە ناسنامەکەی (م . س) ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی ئاشکرا بووە کە ناوبراو لە شوێنی کارەکەی دەستدرێژی کردووەتە سەر چەندین نەخۆش، بە نهێنی پاکانەی بۆ کراوە و لەڕێگای ناوەندە ئەمنییەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ شارەکەی خۆی.

تۆڕی تەندروستیی دیواندەرە بە مەبستی پەردەپۆش کردنی ئەو دۆسیەیە ڕایگەیاندووە کە ئێمە دوای ئەوە ڕاپۆرتمان لەوبارەوە پێگەیشتووە، کامێرامان لە نێو ژوورەکەی داناوە و دوای ئەوەی ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا بووە، پزیشکەکە لەگەڵ خێزانەکەی هەڵهاتوون.

بەڵام یەکێک لە دانیشتوانی گوندی ئیبراهیم ئاوا وێڕای بەدرۆ خستنەوەی ئەو هەواڵەی بەرپرسانی تۆڕێ تەندروستیی دیواندەرە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند ”خەڵکی گوندەکانی ئیبراهیم ئاوا، کانی سفید و شەریف ئاوا چەندین جار بە نیسبەت ئەزیەت و ئازاری ژنان لەلایەن ئەو پزیشکەوە ناوەندە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ئەوان هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەگرتووە و دوای ئەوەی ئاگادار بوون کە خەڵکی ئەو گوندانە بە نیازن خۆیان هەڵوێست بگرن، بەشێوەی نهێنی پاکانەیان بۆ کردووە و لەڕێگای ناوەندە ئەمنییەکانەوە بۆ شاری قائیم شار لەباکووری ئێران گواستوویانەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لەدرێژەدا وتی کە ئەو پزیشکە تەنیا لە گوندی ئیبراهیم ئاوا دەستدرێژی کردووەتە سەر ٢٢ کەس لە وژن و کچانەی کە وەکوو نەخۆش سەردانی شوێنی کارەکەیان کردووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە