پژاک دوای مانگێک گیان لە دەست دانی دوو گریلای لە مەهاباد ڕاگەیاند

هەنگاو: دوای مانگێک لە بڵاو بوونەوەی بە ئامانج کرانی جیپێک لە لایەن سپای پاسداران لە ناوچەی مەهاباد، پژاک ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و گ

٢٦ ڕەزبەر ٢٧٢٠، ١٢:٥٤

 

هەنگاو: دوای مانگێک لە بڵاو بوونەوەی بە ئامانج کرانی جیپێک لە لایەن سپای پاسداران لە ناوچەی مەهاباد، پژاک ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و گیان لە دەست دانی دوو گریلای ڕاگەیاند.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ (١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠)، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا گیان لە دەست دانی دوو ئەندامی پژاکی بە ناوەکانی ”هادی ئەمینی“ خەڵکی بۆکان و ”سیروان مەحموودی“ خەڵکی سنە لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی ”خدر بایزیدی“ لە بۆسەیەکی هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک مەهاباد پشتڕاست کردەوە.

لە ڕاگەیندراوەکەی پژاکدا هاتووە کە یەکێک لە گیانبەختکردووان بە ناوی هادی ئەمینی ئەندامی مەجلیسی پژاک بووە و ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانان (١٥ی سێپتامبر) کەتوونەتە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسداران.

پێشتر هەنگاو ڕایگەیاندبوو کە هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک گوندی " کۆنەدێ" هەڵکەوتوو لە سەر جادەی مەهاباد/سەردەشت، ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپیان بە چەکی نیوە قورسی ”ئار پی جی“ کردووەتە ئامانج.

لە ڕاپۆرتەکەی هەنگاودا هاتبوو چوار سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە کە سێ کەسیان ئەندامی حیزبێکی کوردستانی بوون دەستبەجێ گیانیان لە دەست داوە.

سەرەڕای تێپەڕێنی یەک مانگ لەو ڕووداوە، سپای پاسداران هەتا ئێستا تەرمی هیچ یەک لە کوژراوەکانی بەتایبەت خزر بایزیدی ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە