پیاوێک لە مەریوان بە ئۆتۆمبێل ژنەکەی وەبەردا

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی مەریوان کە داوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی کردبوو، لەلایەن هاوژیەنەکەیەوە وەبەر ئۆتۆمبێل درا.

١٢ گەلاوێژ ٢٧٢١، ١٧:٤٦

 

هەنگاو: ژنێکی لاوی خەڵکی مەریوان کە داوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی کردبوو، لەلایەن هاوژیەنەکەیەوە وەبەر ئۆتۆمبێل درا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بانەمەڕی ٢٧٢١ (١٠ی مەی ٢٠٢١)، پیاوێکی خەڵکی مەریوان بە ناوی “ئەیووب ڕاه پەیکەر” هاوژینەکەی خۆی بە ناوی “سەبری یەزدانپەناه” تەمەن ٢٧ ساڵی بە ئۆتۆمبیلەکەی (پەیکان) کردووەتە ژێرەوە. سەبری سەر، دەست و لاقی شکاوە و دوای مانگێک مانەوە لە نەخۆشخانە چووەتەوە بۆ ماڵ باوک و دایکی خۆی.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەبری ئەو ڕۆژە بە مەبەستی جێبەجێ کردنی کاروباری جیابوونەوە سەردانی پارێزەرێکی کردبوو و لەکاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لەگەڵ دایکی و کچە چکۆلەکەی لەلایەن هاوژینەکەیەوە هێرشیان کراوەتە سەر.

سەبری یەزدانپەناه لەوبارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی وت: “من چەند مانگێک بوو کە گەڕابوومەوە ماڵی دایک و باوکم و داوای جیابوونەوەم کردبوو. ڕؤژی یەکشەممە ١٩ی بانەمەڕ بررای هاوژینەکەم هاتووەتە ماڵمان و داوای کردووە کە دەست لە مافەکانم هەڵبگرم هەتا ئەیووب لێت جیابێتەوە. منیش قەبووڵم کردووە بە مەرجێک کە سەرپەرەستی کچەکەم بە من بدەن. بەڵام ئەو ڕۆژەی کە سەردانی پارێزەرمان کردووە ئەیووب ئەوەشی قەبووڵ نەکردووە و بنیش حازر بە قەبووڵ کردنی داواکانی ئەو نەبووم و گەڕاومەتەوە”.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی یەزدانپەناه لەوبارەوە بە هەنگاوی وت: “ ئەیووب ڕاه پەیکەر سێ مانگ دوای ئەو تاوانە دەستبەسەر کراوە و دوای سێ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی کەمی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراوە و بەردەوام هەڕەشە لە بنەماڵەی هاوژینەکەی دەکات.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەی یەزدانپەناه لەماوەی ڕۆژانی ڕابردووفا سەردانی لقی چواری دادیاری مەریوانیان کردووە و بە دادوەرەکەیان وتووە لەبەرچی بەم بارمتە کەمە ئازادتان کردووە؟ دادوەر عەلی ڕەزا فارابیش لە وڵامدا وتوویە: “ئەوان ژن و مێردن، نابێ چاوەڕوانی ئەوەتان هەبێ کە لەسێدارەی بدەین”.

سەبری یەزدانپەناه لە درێژەدا وتی ئەیووب لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا بەردەوام لە کۆڵانەکەی ئێمە دەسووڕێتەوە و ڕاستەوخۆ هەڕەشەی کوشتنم لێ دەکات و گیانم پارێزراو نیە.

جێگای ئاماژەیە کە سەبری یەزدانپەناه لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا ناچار کراوە کە مێرد بە ئەیووب ڕاه پەیکار بکات.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە