پیرانشار/ سەید ئەحمەد سابری دیسان دەستبەسەر کرایەوە

١ پووشپەڕ ٢٧٢٠، ١٥:٣٩


هەنگاو: هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری پیرانشار لاوێکی کوردیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.


بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ (٢١ی ژوئەنی ٢٠٢٠)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پیرانشار هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی پەسوێ بە ناوی ”سەید مستەفا سابری“ و کوڕەکەیان بە ناوی ”سەید ئەحمەد سابری“ دەستبەسەر کردووە.


بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان پشکنیوە و دوای دەستبەسەر کردنی سەید ئەحمەد بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.


سەید ئەحمەد سابری ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ (١ی مارسی ٢٠٢٠)، هاوڕێ لەگەڵ باوکی و چوار کەسی دیکە بە ناوەکانی عەبدوڵڵا حەسەن زادە، محەمەد ئیبراهیم زادە، سەلام بازرگانی و محەمەد ڕەسووڵ ئەلیاسی دەستبەسەر و دوای دوو حەفتە بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.


سەرەڕای تێپەڕینی چوار مانگ لە دەستبەسەر کرانی سەلام بازرگانی و محەمەد ئیبراهیم زادە چارەنووسیان نادیارە و هێشتا بنەماڵەکانیان نازانن کە لەکوێ ڕاگیراون.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە