پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەماوەی ساڵی یەکەمی خولی دووهەمی سەرۆک کۆماریی حسەن رووحانی دا

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی یەکەمین ساڵی دەستبەکار بوونی حەسەن ڕووحانی،

١١ گەلاوێژ ٢٧١٨، ٢٣:٥٥

 

هەنگاو: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بۆنەی یەکەمین ساڵی دەستبەکار بوونی حەسەن ڕووحانی، لە خولی دووهمەی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە، ڕاپۆرتێکی ئاماری پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە لە کوردستان، بڵاو دەکاتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری هەنگاو، لەماوەی ساڵی یەکەمی سەرۆک کۆماری حەسەن رۆحانی لە خولی دووهەمی خۆیدا، زیاتر لە ٢٠٠٠ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.

 

لەسێدارە دانی ٨٥ هاووڵاتیی کورد

لەماوەی ساڵی یەکەمی سەرۆک کۆماری حەسەن رۆحانی بۆ خوولی دووهەم، حوکمی سێدارەی ٨٥ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری هەنگاو، لەو ماوەیەدا ٦٠ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست، یەک هاووڵاتی بە تۆمەتی سیاسی، ٩ هاووڵاتی بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی، ١٢ هاووڵاتی بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان و ٣ هاووڵاتی بە تۆمەتی دەسترێژی سێکسی لە سێدارە دراون.

 

دەستبەسەر کرانی ١٥٠٠ هاووڵاتیی کورد

لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٥٠٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، کە تەنیا ناسنامەی ٧٥٢ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە.

لە کۆی ئەو ٧٥٢ کەسەی کە ناسنامەیان ئاشکرا بووە، ٥٠٣ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ١٥٤ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەدەنی، ٥١ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی مەزهەبی، ١٤ کەسیان بە تۆمەتی چالاکی کرێکاری و هەروەها ٣٠ کۆڵبەریش لەکاتی کۆڵبەری دەستبەسەر کراون.

هەروەها ٤٨ ژن و ١٥ منداڵین لە نێو ئەو دەستبەسەر کراوانەدا دەبیندرێن.

لەکاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان و هەروەها خۆپێشاندانەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠١٨، زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە کوردستان دەستبەسەر کران کە ناسنامەیان بۆ میدیاکان و هەنگاویش ئاشکرا نەبووە.

 

سەپاندنی دوو سەدە و نیو بەندکران و ١٢ حوکمی سێدارە

دەزگای دادوەریی ئێران لەماوەی ساڵی ڕابردوودا بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی، مەدەنی و کرێکاری حوکمی بەسەر ٨٨ هاووڵاتیی کوردا سەپاندووە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو. دەزگای دادوەیی حوکمی ٢٤٣ ساڵ بەندکران، یەک حوکمی بەندکرانی هەتاهەتایی،  ٣٥٠ زەربە قامچی و پێبژاردنی بڕی ٩ میلیۆن تمەنی بەسەر ئەو ٨٨ کەسەدا سەپاندووە. هەروەها ١٢ کەسیش کە سێ کەسیان سیاسی بووە و ٩ کەسیان چالاکی مەزهەبی حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

کوژران و برینداربوونی ١٨٧ کۆڵبەر

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لەو ماوەیەدا، ٦٢ کۆڵبەر کوژراون و ١٢٥ کۆڵبەریش بریندار بوون.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆی ئەو ٦٢ کۆڵبەرەی کە کوژراون ٣٧ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٧ کەسیان بە هۆی کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی، ٥ کەسیان بە هۆی ڕنوو و سەرما، ٢ کەسیان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ، دوو کەسیان بە هۆی ڕاوەدوونان و دواتر ڕووداوی هاتووچۆ و کەسێکیشان بە هۆی جەڵتەی دڵەوە گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها لە کۆی ئەو ١٢٥ کۆڵبەرەی کە بریندار بوون، ٧٦ کەسیان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٢٤ کەسیان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزایی، ١٤ کەسیان بە هۆی تەقینەوەی مین، ٢ کەسیان بە هۆی تۆپباران و کەسێکیشیان بە هۆی کەوتنە ژێر بارەوە بریندار بوون.

 

کەڵکوەرگرتن لەم ئامارە بە مەرجی ئاماژە بە ناوی سەرچاوە (هەنگاو) ڕێگەپیدراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە