پێنج چەکداری ئێرانی لە سنوورەکانی کوردستان بریندار بوون

هەنگاو: لە ئاکامی تێکهەڵچوونی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەگەڵ کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە سنوورەکانی هەورامان و بانە، ٥ چەکداری ئێران بریندار کران.

٢٦ بەفرانبار ٢٧١٨، ١٥:٣٠

 

هەنگاو: لە ئاکامی تێکهەڵچوونی هێزە چەکدارەکانی ئێران لەگەڵ کاسبکاران و کۆڵبەرانی کورد لە سنوورەکانی هەورامان و بانە، ٥ چەکداری ئێران بریندار کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە (٢٤ی بەفرانباری ٢٧١٨ / ١٤ی ژانویەی ٢٠١٨)، هێزە ئینتزامییەکانی ئێران لە گوندی نیسانە سەر بە بەخشی نەوسوود لەگەڵ کۆلبەران و کاسبکارانی کورد بە شەڕ هاتوون و لەئاکامدا چوار کەس لە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندار کراون.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری نەوسوود لەوبارەوە ڕایگەیاند کە کاسبکارە ناڕازییەکان ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئینتزامییەکانیشان تێکشکاندووە و ٤ بریندارەکەش بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پاوە کراون.

لەلایەکی دیکەوە و هەمان شەو، لە ئەنجامی تێکهەڵجوونێک کە لە ناوچە سنوورییەکانی شاری بانە لە نێوان کاسبکاران و هێزە چەکدارەکانی ئێران هاتبووە ئاراوە، چەکدارێکی ئێران بە سەختی بریندار بووە.

میدیا حکوومەتیەکانی هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەو بارەوە بڵاو نەکردووەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا (سەرەتای ساڵی ٢٠١٩)، لانیکەم ٢٠ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٦ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٤ کەسیان بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە