پەریسا سەیفی هێشتا دەستبەسەرە

٦ ڕێبەندان ٢٧١٩، ١١:٤٠

 

هەنگاو: یەکێک لە چالاکانی فەرهەنگی و هونەرمەندێکی ژنی کورد کە زیاتر لە دوو مانگە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە سنە دەستبەسەرە، بۆ دانپێدانانی زۆرە ملێ لە ژێر گووشاری ناوەندە ئەمنییەکاندایە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پەریسا سەیفی، چالاکی فەرهەنگی و هونەرمەندی خەڵکی کامیاران لە ڕۆژی سێ شەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧١٩(١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠١٩) لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر و لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران ناسراو “شەهرام فەر” ڕاگیراوە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە، پەریسا بەمەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ بەڕۆژا  دەبردرێتە دەستبەسەرگەی شەهرام فەر و لە ژێر گوشار دادەنرێ و شەوانە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە دەگوازرێتەوە.

ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە، سەیفی تا ئێستا یەک جار لەگەڵ بنەماڵەکەی مافی چاوپێکەوتنی پێ دراوە.

پەریسا سەیفی دوای ناڕەزایەتی دەربرینەکانی خەڵک بە مەبەستی شەرمەزار کردنی هێرشی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان دەستبەسەر کراوە و لێکۆڵەرە ئەمنییەکان تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری حکومەتی ئێران” یان خستووەتە پاڵی ناوبراو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە