پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان پێشی بە لەسێدارەدانی ڕامین گرت، دەستبەسەر کراوەکان ئازاد کران

هەنگاو: مانگرتنی شەوی ڕابردووی چالاکانی مەدەنی شاری سنە لە پێش بینای بەندیخانەی سنە پێشی بە بەڕیوەچوونی حوکمی سێدارەی رامین حوسێن پەناهی گرت.

٣١ جۆزەردان ٢٧١٨، ١٣:٤١

 

هەنگاو: مانگرتنی شەوی ڕابردووی چالاکانی مەدەنی شاری سنە لە پێش بینای بەندیخانەی سنە پێشی بە بەڕیوەچوونی حوکمی سێدارەی رامین حوسێن پەناهی گرت و ئەو چالاکانش کە دەستبەسەر کرابوون، ئەمڕۆ ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ”هەنگاو“، دوایین کاتژمێرەکانی شەوی چوارشەممە (٣٠ی جۆزەردانی ٢٧١٨ / ٢٠ی ژوئەنی ٢٠١٨)، چالاکانی مەدەنی شاری سنە بە مەبەستی ڕێگری کردن لە حوکمی سێدارەی ڕامین حوسێن پەناهی لە پێش بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە مانیان گرت کە بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان ئاڵۆزی لێکەوەتەوە.

هەواڵنێری هەنگاو لە شاری سنە ڕایگەیاند لە دوای دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان سێ چالاکی مەدەنی بە ناوەکانی”خالید حوسێنی“ ، ”ڕەفیق کەریمی“ و ” لەتیف ئەحمەدی” لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرن.

ئەو سێ هاووڵاتییە کە لە چالاکانی کرێکاری ناسراوی شاری سنە بوون ئەمڕۆ پێنج شەممە بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بڕیار بوو کە کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە (٣١ی جۆزەردان / ٢١ی ژوئەن)، حوکمی سێدارەی ڕامین حوسێن پەناهی لە بەندیخانەی سنە جێبەجێ بکرێت، بەڵام بەرین بوونەوەی ناڕەزایەتییەکان و مانگرتنی دوێنێ شەوی چالاکانی مەدەنی پێشی بە جێبەجێ کردنی ئەو حوکمە گرتووە.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە