چالاکانی مەدەنی شاری سەردەشت سەرباری هەڕەشەکانی داواکاری گشتی کۆبوونەوە

هەنگاو: ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی شاری سەردەشت سەڕەڕایی هەڕەشەی شەوی ڕابردووی داواکاری گشتیی ئەو شارە، بە مەبەستی ش

٣ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٨:٢٣

 

هەنگاو: ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی شاری سەردەشت سەڕەڕایی هەڕەشەی شەوی ڕابردووی داواکاری گشتیی ئەو شارە، بە مەبەستی شەرمەزار کردنی دەستدرێژی گروپێک لە پیاوان بۆ سەر ژنان و کچانی شاری سەردەشت، لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی ئەو شارە کۆ بوونەوە.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٣ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢٥ی سێپتامبری ٢٠٢١)، ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنی سەردەشت لە فولکەی "سەرچاوێ" دەستدرێژی گروپێک لە پیاوان بۆ سەر ژنان و کچانی ئەو شارەیان شەرمەزر کرد و لەگەڵ قوربانیان  وبنەماڵەکانیان هاودەردیان نواند.

ئەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە داواکاری گشتی شاری سەردەشت، شەوی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو بەڕێوەچوونی هەرچەشنە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی قەدەغەیە و ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان شاری سەردەشتیان میلیتاریزە کردبوو.

ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی سەردەشت ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند: “بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤیمان هاوسۆزی لەگەڵ قوربانییەکانی ئەم تاوانە قیزەونە و بنەماڵەکانیان دەکەین و  لەبەرانبەر ئەو هەوڵە چەپەڵانە چەپەڵانە هەڵوێست دەگرین و خوازیاری بنبڕ کردنی دەبین و ئەرکی ئەخلاقی خۆمان بەجێ دێنین.”

چەند کاتژمێر دوای بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاگەیەندراوە، خوداکەرەمی داواکاری گشتی سەردەشت ڕایگەیاند: “ هوشداری دەدەین بەو کەسانەی کە دەیانهەوێ لە هەستی بێگەردی خەڵک کەڵکی خراپ وەر بگرن و لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان خود کۆبوونەوە ئاسایشی شار بخەنە مەترسییەوە وریا بن کە لە زەوینی دوژمن کایە نەکەن”.

یەکێک لە بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، سەرهەنگ بەهاری هاتووە نێو خۆپیشاندەران و وتوویەتی سێ کەس لە ئەندامانی ئەم گروپە دەسدرێژیکارە دەستبەسەر کراون. ناڕازییەکانیش لە وڵامدا وتوویانە ئەگەر تاوانبارەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگایی نەکرێن ئەوا گردبوونەوەکان بەردەوام دەبن.

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی سەردەشت لەگەڵ چەند لاپەڕەی ئینستاگرامی چالاک لە بواری مافەکانی ژنان، بە بڵاو کردنەوەی چەند بابەتێک، تیمێکی چەند نەفەرەی دەستدرێژیکەری سەر ژنان و کچانی سەردەشتیان ئاشکرا کردبوو کە ئەمە کاردانەوەیەکی زۆری بەدوادا هاتبوو.

کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ١ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٢٣ی سێپتامبەری ٢٠٢١)، کەسانێکی نەناسراوە بە نارنجۆک ماڵی باوکی ناسکە ئەفخەمی، چالاکی بواری مافەکانی ژنان و یەکێک لەو کەسانەی کە لەو بوارەدا زانیارییان بڵاو کردبووە،  لە گەڕەکی جانبازانی سەردەشت کردە ئامانج.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە