چالاکانی مەدەنیی سنە لە بەرانبەر دادگای ئەم شارە دژ بە توندوتیژی لەسەر ژنان ناڕەزاییان دەربڕی

هەنگاو: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی سنە بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە توندوتیژی لە دژی ژنان و بێ ئەنجام مانەوەی بەدواداچوونی ئەو

١٤ ڕەزبەر ٢٧٢١، ١٣:١٨

 

هەنگاو: ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی سنە بە نیشانەی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە توندوتیژی لە دژی ژنان و بێ ئەنجام مانەوەی بەدواداچوونی ئەو توندوتیژییانە لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایی دەربڕینیان لە بەرانبەر دادگای ئەم شارە بەڕێوە برد.

بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١٠ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی ڕەزبەری ٢٧٢١ (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١)، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنیی سنە بە هەڵگرتنی لافیتە لە دژی توندوتیژیی سەر ژنان، لە بەرانبەر دادگای ئەو سارە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

خۆپێشاندەران بە هەڵگرتن دروشم و لافیتەی وەک "ئیدی بەسە"، "نا بۆ ژن کوژی"، "هەموومان فائیزەین"، "ئێمە داوای ڕوونکردنەوەی هۆکاری مەرگی فائیزە دەکەین"، "ئیدی هیچ شوێنێک بۆ ژنان ئەمن نییە"، بەرانبەر بە بەرز بوونەوەی ئاماری کوژرانی ژنان و بە ئەنجام نەگەیاندنی دۆسیەکەیان لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە، ناڕەزاییان دەربڕی.

بە گوێرەی ڤیدیۆیەک کە بە هەنگاو گەیشتووە، یەکێک لە ناڕازییان لەم بارەیەوە دەڵێ: "لە دۆسیەی مەرگی فائیزەدا تا ئێستا نە پۆلیس، نە دادگا و نە دەزگای دادوەری هیچ کارێکیان نەکردووە. داوا لە پۆلیس و سیستەمی دادوەری و داواکاری گشتی دەکەین، لە دۆسیەی فائیزە مەلیکیدا، شەفافانە و دڵسۆزانە کار بکەن و ئێمە داوای یاساگەلێک دەکەین کە لە دژی ژنانن.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە